محەممەد حەسسان: نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرۆسەی سەرژمێریدا بەشدارە

نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق, ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رژمێریی گشتی پرۆسه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ داهاتووی عێراق؛ ده‌شڵێت: “پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.”

چوارشه‌ممه‌، 20ـی تشرینی دووه‌می 2024، محه‌ممه‌د حه‌سسان، نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق هاوڕێ له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناوه‌ندیی پرۆسه‌كانی سه‌رژمێری له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ڕایگه‌یاند: “سه‌رژمێریی گشتی له‌ عێراق ڕووداوێكی گرنگه‌ و ئامانج لێی گه‌شه‌پێدانه‌.”

محه‌ممه‌د حه‌سسان، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وڵاتان به‌بێ بوونی زانیاریی و ئاماری وردی تایبه‌ت به‌ دانیشتووانیان، ناتوانن پێش بكه‌ون، بۆیه‌ سه‌رژمێریی دانیشتووان له‌ عێراق هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ ئایینده‌ی عێراق و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوبەشە.”

ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌ “پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌م ڕووه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ عێراق ده‌كات.”