سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران: بۆ جووڵەی بازرگانی دەروازە لە ڕۆژانی سەرژمێریی کراوە دەبێت

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت، لە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 کە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەکرێت و قەدەغەی هاتوچۆیە، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ جووڵەی بازرگانیی ئاسایی و کراوە دەبێت، بەڵام ڕێگە لە گەشتی هاووڵاتییان دەگیرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و بیانی بۆ ئێران.

دووشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2024، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە،  لە ڕۆژانی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە، رێککەوتی ( 20و 21ـی تشرینی دووەمی 2024 ) بەرێوە دەچێت، ئاگاداریی هەموو بازرگانان و کۆمپانیاکان و گەشتیاران و هاووڵاتیان دەکەنەوە کە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران،سەبارەت بە جولەی بازرگانی و هاوردە و هەناردەی کاڵاکان بەردەوام و ئاسایی دەبێت و داناخرێت، ڕاشیدەگەیەنێت، سەبارەت بە چوونی هاووڵاتیانی کوردستانی و عيراقى و بیانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران دادەخرێت و رێگە نادرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژە بەوە دەکات کە، گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کوردستانی و عيراقى لە ئیران بۆ هەرێمی کوردستان کراوە دەبێت و دەتوانن بگەڕێنەو بۆ کوردستان، ڕاشیدەگەیەنێت:سەبارەت بە هاتنی هاووڵاتیانی ئێرانی و بیانی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دادەخرێت و ڕێگایان پێ نادرێت.