دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

بۆ یەکەمجار هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانسێکی ئابووریی ڕووسیا دەکات

بۆ یەکەمجار، هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانس و دیدارێکی ئابووریی لە ڕووسیا دەکات. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش ئامانجی بەشداریکردنەکەی ئاشکرا دەکات. 

دووشەممە، 18-11-2024، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ڕاگەیاند: “سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. محەمەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەردانی ڕووسیا دەکات بۆ بەشداریی لە کۆنفرانس، دیدار و پێشانگەی ئابووریی سانپترسپۆرگ.”

وەکوو ئەوەی ئاکرەیی باسی کرد “بۆ جاری یەکەمە هەرێمی کوردستان بەشداریی لەو چالاکییە ساڵانییەدا دەکات و بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشت کراوین.” ڕوونیشی کردەوە “نزیکەی 15 بۆ 20 وەبەرهێنەر و بازرگانانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان یاوەریی سەرۆکی دەستەی دەستەی وەبەرهێنان دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا.”

ئامانجی سەرەکی بەشداریی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان “ڕاکێشان و زیادکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی ڕووسییە لە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها هەوڵ دەدەین ڕێککەوتن و لێکگەیشتن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانیش ئیمزا بکەین.”

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستە ڕوو “شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە ڕووسیا دەبێت، چەندان کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت و دەمانەوێت بە دەستێکی پڕەوە بگەڕێینەوە.”