دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

کـاتـژمـێـرەکـەی بـاوکـم

 

 

ئەرسەلان حەسەن

لە بیرکاری گەیشتبووینە وانەی کاتژمێر و مامۆستای کوردیش گوتی: لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە وانەی کوردی هۆنراوەیەکتان بەناوی کاتژمێر پێدەڵێم. کاتژمێر ئەو ئامێرەیە کاتمان بۆ دیاری دەکات، واتا کاتژمێر پێمان دەڵێت کات کەیە و کاتی چییە؟ کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە دوای سڵاوکردن لە دایکم و دەست و دەم و چاوم شووشت و پشوویەکمدا. دایکم بانگی کردم و گوتی: وەرە نانەکەت بخۆ.

لەوکاتەدا باوکیشم گەڕایەوە و دەست و دەم و چاوی شووشت و هاتە سەر خوانەکە و دایکم نانی بۆ هێناین، پێکەوە نانمان خوارد و بەدەم نانخواردنەوە باوکم گوتی: ئەمڕۆ لە قوتابخانە وانەی چیتان خوێند؟
منیش گوتم: لەوانەی بیرکاری کاتژمێرمان خوێند و مامۆستای کوردییش دەیگوت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەوانەی کوردی هۆنراوەی کاتژمێر دەخوێنین.
باوکم گوتی: زۆر باشە، کات بەنرخە و نابێت مرۆڤ بەفیڕۆی بدەین. منیش بەڵێنت پێ دەدەم دوای نانخواردن کاتژمێرێکی زۆر جوانت بۆ دروست دەکەم.
ئێمه نانمان دەخوارد، بەڵام خەیاڵم لای ئەوە بوو، چۆن باوکم کاتژمێرم بۆ دروست دەکات و لە چی دروستی دەکات…؟! خۆ ئەو وەستای دروستکردنی کاتژمێر نییە، نازانێ کاتژمێریش چاک بکاتەوە کە تێکچوو، کەلوپەلی کاتژمێریشی نییە تا کاتژمێرم بۆ دروست بکات.
دوای ئەوەی لە نانخواردن بووینەوە، باوکم هەستا و گوتی: پێنووسی ڕەنگەکان و تیانووسی وێنەکێشانەکەت بهێنە و بە پێنووسی ڕەنگەکان کاتژمێرێکی زۆر جوانی ڕەنگاوڕەنگی بۆ دروست کردم. هەتا کاتژمێر و خوولەک و چرکەژمێریشی لەگەڵ ژمارەکانی دروستکرد…
منیش لەخۆشی کاتژمێرەکە دڵم زۆر خۆش بوو، وامدەزانی باوکم هەر بەڕاستی کاتژمێری بۆ کڕیووم. پاشان پێنووسی ڕەنگەکان و تیانووسی وێنەکێشانەکەم خستەوە ناو جانتاکەمەوە، تا بەیانی نیشانی مامۆستای بیرکاری و هاوپۆلەکانمی بدەم.