شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای زنجیرەیەک سەرکەوتن لە دراماکانی دووپشک و گورگەکان و چەند بەرهەمێکی دیکەی سینەمایی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر، ئێستا فیلمێکی نوێی بەرهەم هێناوە بە ناونیشانی “مەهسا پێکەنی”، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی “میهران شیری”ـە و هەر خۆشی پاڵەوانی سەرەکی فیلمە سینەماییەکەیە و تا ئێستاش بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وڵاتانی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووه و بڕیاریشە بەمزووانە لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت.
“میهران شیری” دەرهێنەری ئەو فیلمە لە بارەی ناوەڕۆک و چیرۆکی ئەو بەرهەمە هونەرییەوە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: مەهسا پێکەنی دوا بەرهەمی سینەمایی منە لە ٢٠٢٤ـدا، کە بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ کارمان لەسەر کردووە و کاتستینگی ئەو بەرهەمەش “سەمیرە حاجی و شادی ئارام و نیهاڵ ڕەحمانی”ـە و چیرۆکەکەشی گێڕانەوەی گرفتێکی کەڵەکەبووە، کە لە بەسەر خانەوادەیەک دادێت و دواتر بە قوربانیی و ئازار بە کۆتا دێت.
گوتیشی: بەگشتی فیلمەکە پڕە لە عەشق و خۆشەویستی و ئازار و کۆمێدیا، کە هەموو جوانییەکانی ژیانی لەخۆوە گرتووە و لە پێشووتریشدا ئەو فیلمە لە وڵاتانی ڕووسیا و چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی نێودەوڵەتی بەشداربووە و بەمزووانەش بۆ یەکەم جار لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت.