عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
خانمە هونەرمەند نەرمین رەزا ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەرهەمێكی نوێی ئامادەیە، بەڵام وەكخۆی دەڵێت، بە هۆی نەبوونی سپۆنسەرەوە ناتوانێت تەواوی بكات و ناشیەوێت بە منەت سپۆنسەر وەربگرێت.
ژنە هونەرمەند نەرمین رەزا یەكێكە لەو هونەرمەندانەی دەیان ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و ساڵانەش لە هەموو بۆنەكاندا بەشداری دەكات، نەرمین رەزا لە چاوپێكەوتنێكی (هەولێر)دا، باسی وردەكاری كارە هونەرییەكانی دەكات.
هەولێر: سەرەتا با بزانین كاری نوێی هونەریت چییە؟
نەرمین رەزا: ئەم ساڵانەی دوایی زیاتر لە بۆنەكاندا بەشداری كاری هونەری دەكەم، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵیشە كارێكی هونەریم هەیە و تائێستا سپۆنسەرم بۆ پەیدا نەبووە تا دروستی بكەم، خۆم حەزم لە ئیشی كرچوکاڵ نییە و ئیشەكەش زۆر جوانە و ناتوانم لە دەرگای كەس بدەم و سپۆنسەر بە منەت وەربگرم.
هەولێر: ئێوە هونەرمەندێكی بەئەزموونن، بۆچی هیچ شوێنێك سپۆنسەرتان ناكات؟
نەرمین رەزا: وەك وتم نامەوێت لەگەڵ زۆر شوێندا باسی سپۆنسەر بكەم، چونكە دەمەوێت بە چەند ساڵێك ئیشێك بێت و هیچ كێشەیەكم بۆ دروست نەبێت.
هەولێر: ئەو كارەت چ شێوازێكە و لە چ قۆناغێكدایە؟
نەرمین رەزا: بەرهەمەكە فۆلكلۆرێكی تایبەتە و لە قۆناغی تۆماركردندایە.
هەولێر: ئێوە لە ساڵانێكی زووەوە كاری هونەری دەكەن، كاری هونەری بەراورد بە ئێستا چۆنە؟
نەرمین رەزا: جاران كاركردنم زۆر باشتر بوو، بەڵام ساڵانی رابردوو بەهۆی سەرقاڵیم بە كاروباری خێزان و كاركردن و هەروەها هاوسەرەكەشم سەرقاڵی خوێندن بوو، بۆیە بەهۆی بژێوی ژیانەوە نەمتوانی زۆر درێژە بە كاری هونەری بدەم.
هەولێر: مەبەستمان كاری هونەریی جاران و ئێستا چۆن بوو؟
نەرمین رەزا: ساڵانی هەشتا و نەوەدەكان لە ئێستا باشتر بوو، چونكە ئەو كاتە بە دڵ و بە گیان ئیش دەكرا، بەڵام زیاتر لایەنی ماددی و، كلیپی وروژێنەر دەور دەبینێت.
هەولێر: کاتی خۆی، گۆرانی (مەستان)ـەکەت كاردانەوەی زۆری هەبوو، بۆچی نوێت نەكردەوە؟
نەرمین رەزا: ئەو گۆرانییە هی مامۆستا باكوری بوو، بەڵام من چەند كۆپلەیەكم وتەوە و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، بۆ نوێكردنەوەشی دەكەوێتە سەر كەناڵەكان كە بتوانن لەو رووەوە هاوكارم بن.
هەولێر: هاوسەرەكەت، د. ئارام بڕوانامەی دكتۆرای لە موزیكدا بەدەست هێناوە، تا چەندێك لە بواری گۆرانیوتندا هاوكارت بووە؟
نەرمین رەزا: د. ئارام زۆر هاوكارم بووە، لەبەرئەوەی دكتۆرایە و ئۆركستراشی هەیە، زۆر سەرقاڵە، ئیشە نوێیەكەشم، ئەو كاری ئامادەكردنی بۆ كردووە.