یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

هێمن میرانی: سەرژمێری بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە هاووڵاتییان بەشداریی پرۆسەکە بکەن

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، هانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدات بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە پرۆسەی سەرژمێری، هاوکات جەخت لە گرنگی پرۆسەکەش بۆ ئاییندەی هەرێمەکە و عێراق دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی پرۆسەکە دایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستە لە ڕۆژانەی 17 و 18 و 19 بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری لە ماڵەکانیان بن، چونکە سەرژمێری پرۆسەیەکی نیشتمانی گرنگە و پەیوەندی بە ئاییندەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پرۆسەکە سیاسی نییە.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لە دوای چەندین کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزارەتی پلاندانانی عێراق، توانرا داخوازییەکانی کورد لە پرۆسەکە لەبەرچاو بگیرێت و، سەرژمێری 1957 کراوەتە بنەما بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی سنووری هەرێم.

لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ، میرانی، گوتی: دەسەڵات دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی  ئەو شوێنانەی کە پێویستە بە شێوەیەکی سنووردار جوولەیان تێدا بێت، هەروەها لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا ڕۆژنامەنووسان قەدەغەی هاتووچۆ نایانگرێتەوە بەو مەرجەی لە دەزگەیەکی ڕاگەیاندن کار بکەن و ناسنامەیان هەبێت، هەروەها جوولەی بازرگانی بەردەوام دەبێت و فڕۆکەخانەکانیش گەشتەکانیان بەردەوام دەبن و نانەوخانەکانیش کراوە دەبن.

جەختی لەوەش کردەوە، قەدەغەی هاتووچۆکە تەنیا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، ئەوانەی بیانین و نیشتەجێی هەرێم و وڵاتەکەن قەدەغەکە نایانگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوە دا، ئەوانەی کارتی نیشتمانیان هی ناوچەکانی ماددەی 140ـە پێویستە بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و لەوێدا خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام ئەگەر لەو ناوچانە شوێنێکیان نەبێت بۆ مانەوە، ئەوا ئاسایییە لەو شوێنە خۆیان تۆمار بکەن کە لێی نیشتەجێن، بەو مەرجەی ئاماژە بەوە بکەن کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـن.

هاوکات سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هەر هاووڵاتییەک ڕێگری لە بژمێرەکان بکات یان زانیاری تەواویان پێنەدات و خۆی تۆمار نەکات ئەوا زیانێکی زۆر بەخۆی دەگەیەنێت و، لەناو داتابەیسی عێراق ناوی نامێنێت وەک هاونیشتمانییەکی وڵاتەکە.

میرانی، گوتیشی: هاووڵاتییان ئەگەر لە ماڵەوەش نەبن ئاساییە، بەڵام دەبێت بەڵگەنامەی فەرمی خۆیان لە ماڵەوە جێبێڵن و سەرۆکی خانەوادەکە دەوانێت تۆماریان بکات.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەکە سێ قۆناغە، لە ڕۆژانی 17 و 18 و 19  ئەم مانگە قۆناغی یەکەمی دەست پێدەکات و بژمێرەکان سەردانی ماڵەکان دەکەن، قۆناغی دووەم لە 20 و 21 بژمێرەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە تۆمارکردنی هاونیشتمانییان جارێکە دێکە سەردانی ماڵەکان دەکەنەوە.

بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.