ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێک هاتبوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـــ کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، کە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیيانە بەڕێو ەچوو، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو.”
دەیڤد تافوری ئاماژەی بەوەش دا “هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.”
سەرۆکی حکوومەت، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “وێڕای ئاماژەدان بە گۆڕانکاری و پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، باسی لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پرۆژەی (هەژماری من) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران.”
لە بە شێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، “سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.”
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حکوومەت وەڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانی دایەوە.