هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پــــــارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: لەم دۆخەدا کە تەعریبێکی زۆر کراوە سەرژمــــێری گشتیی تەنیا لەبەرژەوەندی پێکهاتەیەکدایە

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرژمێری کردن بۆ وڵاتێک دروستە کە کێشەی خاک و دەستووری نەبێت، لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دەستوور پەسەند کراوە، بەندێک لە بەندە گرنگەکانیشی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، تا ئێستا ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، تەواوی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چارە دەبن. دەشڵێ: تەعریبێکی زۆر کراوە و ٢٠٠ ھەزار خێزانی کورد لە دەرئەنجامی ئەو پرۆسەیە کەرکووکیان بەجێ ھێشتووە، ئەوەش وا دەکات سەرژمێری گشتیی تەنیا بە دڵی پێکھاتەیەک بێت.

بڕیارە ڕۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە عێراق، ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکو ساڵی ٢٠٣٠ دەگاتە نزیکەی پەنجا و یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار کەس.
داواکاری و تێبینییەکانی کورد
ماوەیەکی زۆرە ھەرێمی کوردستان داوای جێبەجێکردنی تێبینییەکان دەکات بۆ ئەوەی سەرژمێری لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، داواکاری و تێبینییەکانی کورد ئەوەیە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا بکرێت، لە ماوەکانی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان ھەندێک خاڵی خستبووە ڕوو کە سێ بژمێر سەردانی خانەوادەکان بکەن لەو ناوچانە، ھەروەھا داواکرابوو سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێت بە بنەما و پاککردنی لیستی دانیشتووانی ئەو ناوچانە، تا لە ئاییندەدا ئەو ھاووڵاتییانەی کە ھاتوونەتە ئەو ناوچانە بەکارنەھێندرێن بۆ چەسپاندنی ئەو واقیعەی کە ئێستا ھەیە.
لە کۆبوونەوەی دوێنێ باسی چی کرا
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری کەرکووک دەستپێشخەریمان کرد، لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووکمان لە بارەگای لق کۆکردەوە، کۆبوونەوەکەش بۆ ئەوە بوو کە باس لە وردەکاری سەرژمێری بکرێت، لەگەڵ دانانی نەخشە ڕێگەیەک بۆ چۆنیەتی کردنی سەرژمێری لە کەرکووک، ئەوە تەنیا بابەت بوو کە لە کۆبوونەوەی دوێنێ باس کرا.
سەرژمێری بۆ ئەو وڵاتانە گرنگە کە کێشەی خاک و دەستووریان نییە
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، جەختی لەوە کردەوە: پێش چەند ڕۆژێک وەفدێکی ھەرێمی کوردستان چووە بەغدا و ھەندێک بەڵێن درا و کاریش لەسەر ھەندێک بابەت کرا، یەکەم سەرژمێری کە لە کەرکووک کرا لە ساڵی ١٩٢٧ بوو، ئەویش سەرکەوتوو نەبوو، لە ساڵی ١٩٥٧ لە کەرکووک سەرژمێری کرا ڕێژەی کورد زۆر باش و زۆرینە بوو لەو شارە، ئەوەش یەکێکە لەو سەرژمێریانەی کە پشتی پێ دەبەسترێت دواتریش چەند سەرژمێرییەکی دیکە لە ساڵەکانی ١٩٦٤، ١٩٧٧ و ١٩٩٧ کران، بەڵام ھەرێمی کوردستان لە دوا سەرژمێری بەشدار نەبوو، ئەوانە ھیچیان نەکراونەتە بنەمایەکی دروست کە بتوانی کاری لەسەر بکەی، بە حوکمی مێژووی سەرژمێرییەکانی عێراق و کوردستان، بە گومانەوە دەڕوانینە ئەو سەرژمێرییەی کە بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە بکرێت، سەرژمێری بۆ ھەموو وڵاتێک گرنگە، بەڵام ئەو وڵاتەی کێشەی خاکی نەبێت، کە ئێمە ئێستا کێشەی خاکمان ھەیە، ئەو وڵاتانەی کێشەی دەستووریان نەبێت، ئێمە ئێستا کێشەی دەستوورمان ھەیە، لە ٢٠٠٥ـەوە دەستوور پەسەند کراوە و لەلایەن زۆربەی خەڵکی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە، لەناو ماددەکانی دەستوور ماددەیەکی زۆر زیندوو ھەیە، کە پێشتر ماددەی ٥٧ بوو، ئێستا ماددەی ١٤٠ـە، ئەو ماددەیە ١٩ ساڵە جێبەجێ نەکراوە، کە بووتە گرێکوێرە، ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت، یەکەم گەڕانەوەی دۆخەکە بۆ دۆخە ئارامەکەی خۆی، دووەم قەرەبوو کردنەوەی خەڵکەکە و ناردنەوەی ئەو کەسانەی کە میوانێکی دەعوەت نەکراون، کە کاتی خۆی بە مەبەستی تەعریب ھێنراونەتە کەرکووک، قۆناغی سێیەم ئامار و ڕاپرسییە، دوو قۆناغە سەرەکییەکە جێبەجێ نەکراون، دەیانەوێت قۆناغی سێیەم جێبەجێ بکەن، لەبەر ئەو ھۆکارانە بە ترسەوە لە سەرژمێری دەڕوانین.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پرۆسەی تەعریب زۆر بە چری کراوە
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕوونیشی کردەوە: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پرۆسەی تەعریب زۆر خەست کراوەتەوە بەشێوازێکی وا توند کراوە نەک تەنیا عەرەبێکی زۆر ھاتووتە شارەکە، بگرە چەندین گەڕەک لە شاری کەرکووک دروست کراون کە دەتوانین بڵێین زۆربەی ھەرە زۆریان خەڵکی دەرەوەی کەرکووکن، لەسەر کێشەی تایفی خەڵک لە دیالەوە ھاتووە، لەسەر کێشەی داعش لە مووسڵ و ئەنبارەوە ھاتوونە، ژمارەیەکی زۆر لە دەرەوەی کەرکووک ھاتوونەتە ناو شارەکەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین گۆڕانێکی زۆر لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھاتووتە سەر دیموگرافیای شارەکە، ئەم ھۆکارە و چەندین ھۆکاری دیکە وای کردووە کە بە نیگەرانییەوە بڕوانینە پرۆسەی سەرژمێری.
سەرژمێری بە دڵی کورد نابێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد: نەک بە دڵی کورد نابێت، بەڵکو ئەنجامەکانی دروست دەرناچن، دۆخەکە لە بار نییە، دەبووایە پێشتر زەمینە خۆش کرابایە، دەپرسم بۆ لە ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا باسی سەرژمێری نەکراوە، بەتایبەتی لە کەرکووک کە لە ساڵی ٢٠١٢ ئامادەکاریەکی زۆر باش کرا بۆ ئەوەی سەرژمێری بکرێت، بەڵام نەکرا، خەڵکانێک بەتایبەت نەتەوەیەک ھۆکار بوو بۆ دواخستنی پرۆسەکە، لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە دیموگرافیای شارەکە گۆڕاوە و خەڵکێکی دیکە لە شارەکە باڵا دەستە، بۆیە ئێستا ھەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی سەرژمێری لە کەرکووک بکرێت، ھەموو ئەو شتانە لە کۆبوونەوەی دوێنێ لە نێوان حزبەکان باس کران، باس لەوەش کرا ئەگەر سەرژمێری کرا دەبێت وەکو کورد چی بکەین داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکەین، کە لە ھەر شوێنێکی ئەو کوردستانە بن، بگەڕێنەوە شارەکە بۆ ئەوەی کوردستانیبوونی کەرکووک بسەلمێنن، بەتایبەتی پێش ٢٠ و ٢١ی مانگ پێش ئەوەی قەدەغەی ھاتووچۆ ڕابگەیەنێرێت، ھەر لێرەوە داوا لە حکوومەتی ھەرێم دەکەم بۆ ئەو ڕۆژە مامۆستایان، قوتابییان، ئاسایش و پێشمەرگە لە ھەر شوێنێک بن ڕێگەیان پێ بدرێت لەگەڵ خێزانەکانیان بێنەوە کەرکووک و لە سەرژمێری بەشدار بن.
کلیلی چارەکردنی تەواوی کێشەکان جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: دوای ٢٠٠٥ و جێگیرکردنی ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق بۆ یەکلای کردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام ھەر جارێک بە پاساوێک نەچوونە ژێرباری جێبەجێکردنی ماددەکە، کە ھەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، قەرەبووکردنەوە و ڕاپرسی لەخۆ دەگرێت، شک و گومانی تێدا نییە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت دۆخەکە ھەروا دەمێنێتەوە بگرە خراپتریش دەبێت، کلیلی چارەکردنی تەواوی کێشەکان جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقە، داوا لە لایەنەکان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ بکرێتە مەرج بۆ بەشداری کردنی کورد لە سەرژمێری.
لە کەرکووک باج و سەرانە لە بارھەڵگرەکان وەردەگیرێت
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەشڵێ: بەداخەوە ئێستا ئەو شتومەکانەی لە ھەرێمی کوردستان، یان لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دێنە کەرکووک و لەو شوێنانەی کە داخیل دەبن جارێکی دیکە گومرک دەکرێن، ئەوەش وا دەکات کە نرخی کەلوپەل گران بێت و باجەکەش خەڵکی شارەکە بدات.