پشتێنەی سەوزی هەولێر لە ماستەرپلانەکەدا گرنگی زیاتری پێدەدرێت

سلێمان

ماستەرپلانی شاری هەولێر کە زیاتر لە ١١ ساڵ بەسەریدا تێدەپەرێت هەموار دەکرێتەوە و کۆمپانیایەکی ژاپۆنی ئەو ئەرکە بەجێ دەگەیەنێت. بە گوێرەی ئەو ماستەر پلانە نوێیەش کەموکورتییەکانی ماستەرپلانەکە چارەسەر دەکرێن و بە شێوەیەک هەموار دەکرێت کە زیاتر لەگەڵ داهاتووی گۆڕانکارییەکانی هەولێر بگونجێن.

رۆژییەکشەم نۆی کانوونی دووەم، لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکای ژاپۆن ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر واژۆ کرا کە نوێنەری کۆمپانیای جایکای ژاپۆنی و وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر و لایەنە پێوەندیدارەکان ئامادەی بوون.
یەکێک لەو هۆکارانەی زیاتر هانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی داوە لە بیری خێرا هەموارکردنەوەی ماستەرپلانەکە بێت ئەو لافاوە بوو کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە هەولێر و دەوروبەری کۆمەڵێک قوربانیی لێ کەوتەوە و کۆبوونەوەی ئاو و گۆڕینی ڕێڕەوەکانی ئاو وای کرد بە سەدان ئۆتۆمبێل زیانیان بەر کەوێت و بە سەدان خانوو ئاو بچێتە ناویان، ئەمە جگە لەوەی کە ١١ کەس بەهۆی لافاوەکە گیانیان لەدەست دا و هێشتا تەرمی یەکێکیان نەدۆزراوەتەوە.
بە واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە لێکگەیشتنە، یەکێک لەو کێشانەی چارەسەر دەکرێت پێوەندیی بە پرسی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو هەیە و لە ماستەرپلانی هەموارکراو بیر لە سەرجەم ڕێڕەوە ئاوییەکان دەکرێتەوە و بە شێوەیەک دادەڕێژرێت ڕووداوی هاوشێوە لە هەولێر لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ میدیاکان باسی لە پێویستیی ئەم هەنگاوە کرد و ڕوونی کردەوە هەولێریش هاوشێوەی شارەکانی تری جیهان بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و بۆیەش لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە شتێکی زۆر ئاساییە ماستەرپلان بگۆڕدرێت و پلانسازی نوێ بێتە کایەوە.
ئەو ڕوونی کردەوە لەژێر سایەی سیاسەت و پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکاندا پێشکەوتن ڕووی داوە و گۆڕانکارییە ئابووری و ژینگەییەکان و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و چڕبوونەوەی زیاتریان لە گەڕەک و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، ئەو دەخوازێت دۆخی ماستەرپلانی شارەکە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. حکوومەت پلانی بۆ هەمواری ماستەرپلان و دیزاینی شارەکان ڕێک خستووە و بۆیەش لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرەنجامەکانی بەدیار دەکەون.
پێویستە بگوترێت پرسی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە کۆمپانیای جایکای ژاپۆنی سپێردراوە کە لە هەندێک پڕۆژەی تریش لە هەرێمی کوردستان جێپەنجەی دیارە و بەو شارەزاییە و لێهاتووییەی هەیەتی دەتوانێت سەرجەم گرفت و کێشەکانی ماستەرپلانی پێشوو چارەسەر بکات و بەشێوەیەک دایڕێژێتەوە لەگەڵ ژیانی سەردەم بگونجێت.
یەکێک لەو خاڵانەی هەر لە ماستەرپلانەکەی هەولێر گرنگی زیاتری پێ دەدرێت پشتێنەی سەوزی هەولێرە کە چ لەڕووی ئابووری چ لەڕووی گەشتوگوزار و چ لەڕووی ژینگەییەوە بایەخێکی زۆر زیاتر بە شاری هەولێر دەبەخشێت.
لە لایەکی ترەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە بایەخەوە باسی لەڕێککەوتننامەکەی وەزارەتی شارەوانی و کۆمپانیای جایکای ژاپۆنی کرد و گوتی هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە هەولێری پایتەخت بە دوور بێت لە هەر جۆرە کەم و کورتییەک.
ئەو ئاماژەی دا ماستەرپلانی پێشتری هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٩ داندراوە و ئەوەی ئێستاش تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەو بەرچاوڕوونییە دەدات تا دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم سێکتەرەکان باشتر بتوانن لە خزمەتی شارەکە بەردەوام بن و خزمەتگوزاری باشتر پێشکەشی دانیشتووانی هەولێر بکەن.
پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە کۆمپانیای جایکای ژاپۆنی کرد کە ئەو پڕۆژانەی لە هەولێر پێشکەشی کردوون و جێبەجێی کردوون لەڕووی کولێتی و ئاستەوە بەرزن.
لە لایەکی ترەوە نوێنەری کۆمپانیای هاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنی کە بە جایکا ناسراوە باسی لەوە کرد کە بەهۆی ئەو لافاوەی لە هەولێر خەڵکێکی کردە قوربانی زۆر نیگەران بوون.
ئەو ڕوونی کردەوە هەولێر شارێکی گرنگە و خاڵی بەیەک گرێدانی تەنیا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نییە بەڵکوو بە ناوەندی گرێدانی وڵاتانی ناوچەکەش بەیەکەوە هەژمار دەکرێت و پەرەپێدانی ئەو شارە لەسەر بنەمای ماستەرپلان و پێداویستییە هەنووکەییەکان زۆر گرنگە و دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتریش لەم شارە دەڕەخسێنێت.
جێی باسە هەولێری پایتەخت زیاتر لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستی بە گەشەسەندن کردووە و خێرایی گەشەسەندنەکە ئەوەندە زۆر بوو ئەو پێویستییە هاتە کایەوە ماستەرپلان دابنرێت و ماستەرپلانەکەش ڕۆڵی کارای هەبوو لە فراوانبوونی شارەکە و ئێستا کە شار زیاتر فراوان بووە دۆخەکە ئەوە دەخوازێت دووبارە هەموار بکرێتەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێندرێت.

ھەواڵی زیاتر