ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە قەدەغەی گشتیی هاتوچۆوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیش دەڵێت، ئامانج لێی ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی.
ەمڕۆ یەکشەممە، 11-11-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، پلانێکی تایبەتی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی لە ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە.
میری ئاماژەی بەوەش کرد، کاتژمێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو کاتژمێر 12ـی شەوی 21 لەسەر 22ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، لەو ماوەیەدا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەنێوان هەموو گوند، کۆمەڵگە، ناحیە، قەزا و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا قەدەغەیە، تەنها لە حاڵەتێکی مرۆڤیی نەخوازراو یان حاڵەتێکی زۆر پێویست نەبێت کە ئەو کات ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت هاتوچۆ بکەن.
ئامانج لە قەدەغەی هاتوچۆ، وەکوو ئەوەی میری باسی کرد “ئاسانکارییە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان”. گوتیشی، تەنها ڕێگە بە کارمەندانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی سەرژمێریی بەڕێوە دەبەن و ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەدرێت هاتوچۆ بکەن کە باجی تایبەتییان بۆ دەرکراوە.