پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

ئامانج لە دژایەتی کردنی پرۆژەی “هەژماری من” لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

700 ھەزار مووچەخۆر لە ھەژماری من تۆمار کراون، ٣٠٠ ھەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووە، ٢٥٠ ئەی تی ئێم لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دانراون بۆ ڕاکێشانی پارە لە ھەژماری من، فەرمانبەران بێ گرفت لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە مووچەکانیان وەردەگرن. ھەندێک لە بەڕێوەبەری بانکەکان، دەڵێن، پێشتر خەڵک لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە لە بەردەم بانکەکان نۆرەی دەگرت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام ھەژماری من مووچەخۆرانی لەو سڕ و نۆرەیە ڕزگار کرد، ھەر کاتێک بیانەوێت مووچەی خۆیان بەبێ کێشە وەردەگرن.

٧٠٠ ھەزار فەرمانبەر ناویان لە ھەژماری من تۆمار کراوە
تا ئێستا نزیکەی ٧٠٠ ھەزار فەرمانبەر خۆیان لە پڕۆژەی ھەژماری من تۆمار کردووە، ٣٠٠ ھەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە مووچەخۆران و مووچەکانیان لە ڕێگەی پڕۆژەی ھەژماری من وەردەگرن، لە ھەمان کاتدا ٢٥٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دانراون، ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی ھەشت بانکەکەی ناو پڕۆژەی ھەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە تۆمار دەکەن، لە داھاتوودا لە ھەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکییانە سوودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
ھەژماری من باشترین خزمەتگوزارییە بۆ مووچەخۆر بێ گرفت مووچە وەردەگرێت
ھەندێک لە بەرێوەبەری بانکەکان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: ھەژماری من سیستەمێکی پێشکەوتوو و فراوانە، لە داھاتوودا خزمەتی زیاتر بۆ مووچەخۆر و ھاووڵاتییان لە خۆ دەگرێت، پێشتر خەڵک لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە لە بەردەم بانکەکان نۆرەی دەگرت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام ھەژماری من مووچەخۆرانی لەو سڕ و نۆرەیە ڕزگار کرد، ھەر کاتێک بیانەوێت مووچەی خۆیان بەبێ کێشە وەردەگرن.
خزمەتگوزارییەکانی ھەژماری من خێراتر دەکرێن
دوای سەرکەوتنی پڕۆژەی ھەژمار من بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەی بۆی دروستکران، ھەفتەی ڕابردوو پەڕەی فەرمی پڕۆژەی ھەژماری من بڵاوی کردەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بانکی تی بی ئای ئەنجام داوە و بڕیار لە زیادکردنی لقەکانی بانکەکە و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری کوردستان دراوە، ھاوکات داوا لە فەرمانبەرانیش دەکرێت، ئەوانەی تا ئێستا خۆیان لە ھەژماری من تۆمار نەکردووە، پەلە بکەن و خۆیان تۆمار بکەن، لە ھەمانکاتدا لە پلاندایە کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەژماری من خێراتر بکرێت تا کار ئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان و سوودمەندبوونیان.
پڕۆژەی ھەژماری من ھیچ گرفتێکی تەکنیکی و یاسایی نییە
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا پەیوەست بە ھەژماری من، ڕایگەیاند، پڕۆژەی ھەژماری من، لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندایە و زۆریش لە تەوتین فراوانتر و دەوڵەمەندترە و فەرمانبەرانیش زیاتر سوودی لێ وەردەگرن، ئەو بانکانەش کە لەو پڕۆژەیەدا ھەن، ھەمووی لە بانکی ناوەندی تۆمار کراون و عێراقیش بەو پڕۆژەیە ڕازییە و ھیچ گرفتێکی نییە، بۆیە پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لەو پڕۆژەیە بەردەوامە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سوورە لەسەر ئەوەی کارکردن لەسەر پڕۆژەکە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، ئەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ دژایەتیکردنی ئەو پڕۆژەیە، شکست دەھێنن، لەبەر ئەوەی دیارە ئامانجی دژایەتیکردنی پڕۆژەکە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە ھیچ جۆرێک مایەی قبووڵکردن نییە، چونکە ھەژماری من لە ڕووی یاسایی و تەکنیکییەوە ھیچ گرفتێکی نییە.