پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

ڕووناكی زۆر لە شەواندا دەبێتە هۆی بیرچوونەوە و زەهایمەر

 

مەزهەركەریم – سلێمانی

توێژینەوەیەكی زانكۆی ڕاش لە شیكاگۆی ئەمریكا ئاشكرای دەكات، ئەو كەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین كە لە شەودا زۆر ڕووناك دەكرێنەوە، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشینی بیرچوونەوەیان “زەهایمەر” زیاتر دەبێت.

توێژینەوەكە دەریدەخات، ڕووناكیی زۆری شەوانە بەهەمان شێوەی بەكارهێنانی كحول، نەخۆشیی گورچیلە، خەمۆكی و قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەر لە كەسانی 65 ساڵان و سەرووتر زیاد دەكات.
دكتۆر ڕۆبن زوالە، توێژەری توێژینەوەكە دەڵێت: ”رووناكیی شەوانە بۆ كەسانی خوار 65 ساڵانیش زیانی هەیە و ئەگەری تووشبوون بە زەهایمەر زیاددەكات، پێویستە خەڵك خۆی بپارێزێت لە ڕووناكی زۆر لە شوێنی تاریك”.
بە گوێرەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، زەهایمەر جۆرە نەخۆشییەکی لەبیرچوونەوەیە، زیاتر لە 55ملیۆن تووشبووی ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا هەن و شارەزایان پێشبینی دەكەن تاوەكو ساڵی 2050 ژمارەكە بۆ 139ملیۆن كەس بەرز ببێتەوە.
بە گوێرەی ناوەندی كۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەكان لە ئەمریكا CDC ئەمانە هۆكارەكانی تووشبوونن بە نەخۆشینی لەبیرچوونەوە: خواردنەوەی كحول، كێشانی جگەرە و نێرگەلە، كەمیی ڤیتامین D، شەكرە، جەڵتە، خەمۆكی و گۆشەگیری، نەخۆشییەكانی دڵ و، كەمجووڵەیی.