پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش: ژمارەی ڕزگارکراوانی کوردانی ئێزدی ژێر دەستی داعش گەیشتووەتە ٣٥٨٣ کەس

 

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

 

دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە ڕفاندنی لە لایەن داعشەوە، کچێکی دیکەی ئێزدی گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، تا ئێستا سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و سێ کەس ڕزگار کراون و دوو ھەزار و ھەشت سەد و سی و چوار کچ و ژنی دیکەش ماون ڕزگار بکرێن.

ڕێکخراوی داعش لە ئابی ٢٠١٤دا، ھێرشی کردە سەر شنگال و ھەزاران ئێزدی لە ھەردوو ڕەگەز جینۆساید و زیندە بەچاڵکرد و بەشێکیشیانی بۆ سووریا ڕفاند، ئەو کەسانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە، خۆشحاڵن و سوپاسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش و حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام کاریان کردووە بۆ ڕزگارکردنی ئەوان.
پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ٣ی ئابی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە، وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات، حکوومەتی عێراق چارەنووسی ونبووان یەکلابکاتەوە، کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنێتەوە.
نوسینگەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییەکان دەکات، یارمەتیی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بدەن بە پێدانی ھەر زانیارییەک لەسەر ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەر شوێنێک بێت.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەپێی ڕێنمایەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەتا یەک کەسی ئێزدی لە دەست داعش مابێت بەدواداچوون بەردەوام دەبێت بۆ ڕزگارکردنیان، نووسینگەی ڕزگاکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەموو شوێنەکان بەدواداچوون دەکات، لە ھەر شوێنێک بزانێت کەسێک ماوە لە دەست داعش، یان لە شوێنێکی دیکەیە دەگەڕێنێتەوە ناو کەسوکارەکەی.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، دەشڵێ: ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار کراون، گەیشتوونەتە سێ ھەزار و پێنج سەد و ھەشتا و سێ کەس، ھێشتا چارەنووسی دوو ھەزار و ھەشت سەد و سی و چوار کەسیش دیار نییە.