شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

چەندین کەل و پەل و پێداویستى پزیشکی پێشکەش بە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان کرا

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.11.10، بەئامادەبوونى ئومێد خوشناو، پارێزگارى هەولێر و کۆلۆنێل چۆرو فێرتى، فەرماندەى هێزى نیشتیمانى ئیتاڵیا لە هەولێر و د.دلۆڤان محمەد، بەڕیوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان، هێزەکانی زەمینی نیشتیمانی ئیتاڵی لەچوارچێوە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ مەشق و ڕاهێنانى هێزەکانى پێشمەرگە، چەندین کەل و پەل و پێداویستى پزیشکیان پێشکەش بە نەخۆشخانەکە کرد، کە بریتى بوون لە ( دابین کردنی ئامێرێکی “DC shock” و 6 ئامێری “Infusion pump” و 85 دۆشەکی تایبەت بە قەروێڵەی نەخۆش و چەندین کەلوپەل و پێداویستی دیکەى پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکە).

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە بەرێوەبەر و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە، سوپاسى فەرماندەى هێزەکانی زەمینی نیشتیمانی ئیتاڵی لە هەولێر کرد بۆ دابینکردنى ئەو ئامێرانە و هاریکاریکردنى نەخۆشخانەکە و ئەو بەخششەى ئەوانى بەرزنرخاند، هەروەها تیشکى خستە سەر ئەوەى بە دابینکردنى ئەم خزمەتگوزارییە تەندروستییانە، دەتوانرێت زیاتر خزمەتی هاوڵاتییانى شارەکەمان بکرێت.

‏‎گوتیشى، “حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرمەبناى کارەکانى کابینەى نۆیەم، لە تێروانین و دیدگاى جەنابى سەرۆکوەزیران، لە گرنیگیدان بە نەخۆشخانەکانى کەرتى گشتیى و هاوتەریب لەگەڵ زەمینە خۆشکردن بۆ نەخۆشخانەکانى کەرتى تایبەت، بە بەردەوامى هەوڵ دراوه‌ بۆ بەرزکردنەوەى ئاست و کوالێتى نەخۆشخانە گشتییەکان، نەخۆشخانەى ڕاپەرێنى فێرکاریش بۆ منداڵان كه‌ یەکێک لە نەخۆشخانە گرنگەکانى شارى هەولێر، له‌ ئێستادا بە شێکى له‌وانه‌ هۆڵى نەشتەرگەرى و چەند هۆڵێکى ترى نەخۆش لەسەر بودجەى پارێزگاى هەولێر لە ژێر نۆژەنکردنەوە دایە”.