پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

هەژماری من دەچێتە قۆناغێکی نوێی متمانەی جەماوەرییەوە

پڕۆژەی ”هەژماری من” دوای هاتنی بانکێکی گرنگ و بەناوبانگی فیدراڵی بۆ ناو پڕۆژەکە و بەشداریکردن لە تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆران و تەنانەت کردنەوەی لق و ئامادەکاری بۆ دانانی ئامێری ATMی تایبەت بەو بانکە، دەچێتە قۆناغێکی نوێی متمانەی جەماوەری و هەموو ئەو گومان و دەنگۆ خراپانە دەڕەوێنێتەوە کە پێشتر بەرانبەر ئەو پڕۆژەیە دەکرا.

دژایەتیکردنی پڕۆژەی هەژماری من کە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پەرەپێدانی کەرتی بانکی و دارایی هەر لە کاتی دەستپێکی جێبەجێکردنیەوە لە قەبارەی خۆی زۆر گەورەتر کرابوو و تەنانەت بە سیاسی کرابوو و بەر لە هەڵبژاردنیش کرابووە یەکێک لە تەوەرەکانی بانگەشە و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەوەی کە ئەو پڕۆژەیە لای عێراق ڕەتکراوەیە و بە ڕێکارێکی تر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوتین یان بە بانکی دەکرێت.
ئەوانەی ڕەخنەیان لەو پڕۆژەیە دەگرت هێندە ڕەخنەکەیان بەو ئاراستەیە بووبا کە لە هەرێمی کوردستانیش کار بۆ دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی بکرێت کە شان بە شانی بانکەکانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەتی و حکوومیی عێراق لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدار بووایە و ڕۆڵی هەبوایە لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی، ڕەنگە دەستکەوتیشی بەدواوە بووایە، بەڵام ئەوەندە بیریان لای نیشتمانی عێراقە ئەوەندە بیریان لای نیشتمانی کوردستان نییە.
دژایەتییەکانی هەژماری من لە سەرتادا زۆر بوون بەڵام دوای دەرچوونی نووسراوێکی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، سەبارەت بە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە گوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازاد کراون لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکی حکوومی یان تایبەت لە چوارچێوەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆسەکەدا، دژایەتییەکان کەم بوونەوە و ئێستەیش دوای هاتنی بانکێکی بەناوبانگی فیدراڵی بۆ ناو پڕۆژەکە دۆخەکە بە تەواوی گۆڕدراوە و متمانەکان بەرانبەری زۆر بەهێزتر بوون.
هەفتەی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانیی عێراقی کە بە TBI ناسراوە و هاوبەشە لە نێوان حکوومەتی عێراق و کەرتی تایبەت، کەوتنە گفتوگۆ لەبارەی ئەوەی ئەو بانکەش بێتە ڕیزی ئەو بانکانەی تری هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدارن، سەرەتای گفتوگۆکان هی مانگی ئایار بوون بەڵام هەفتەی ڕابردوو دەرەنجامیان هەبوو و بانکەکە بە فەرمی هاتە نێو پڕۆژەی هەژماری منەوە و دەستی بە چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
دواتر تیمی هەژماری من و شاندی تەکنیکی بانکی TBI ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران و گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی ATM بۆ ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هەر بانکێک لەو پڕۆژەیە بەشداری کردبێت ئەوا خزمەتگوزارییەکانیشی دەخاتە بەردەستی هاووڵاتییان و یەکێک لەو خزمەتگوزارییانەش دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەیە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان. پێشتر بانکەکانی ئاڕ تی، جیهان و بانکیی BBAc و بانکی تر لە هەرێمی کوردستان ئەو ئامێرانەیان داناوە و ئەم جارە بانکی بازرگانیی عێراقیش بڕیاری داوە دەست بە دانانی ئامێرەکانی بکات.
بڕیارە بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. هەر ئەو بانکە لە پلانیدایە بەم زووانە دە هەزار کارتی نوێی بانکی بەسەر ئەو مووچەخۆرانەی کوردستاندا دابەش بکات کە لەو بانکە فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە و دەخوازن لە ڕێی بانکەکەوە مووچەکانیان بە بانکی بکرێت.
بە گشتی ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی لە هەرێمی کوردستان مووچەکەیان بە بانکی کراوە گەیشتووەتە سەرووی حەوتسەد هەزار مووچەخۆر و پلانەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت و هیچ مووچەخۆرێک لە هەرێمی کوردستان نەمابێت مووچەکەی بە بانکی نەکرابێت.
هەشت بانک لەو پڕۆژەیەدا بەشدارن و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی ئەو بانکانە زیاد بکات و هاووڵاتی سەربەستە لە کام بانک مووچەی خۆی بە بانکی دەکات و لە هەمان کاتدا دەتوانێت لە بانکێک بۆ بانکێکی دیکەی بگوازێتەوە.
پڕۆژەکە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندیی عێراق دانی پێدا نراوە و بانکی ناوەندیی عێراق لە لیستێکدا تەواوی ئەو بانکانەی ڕاگەیاند کە بۆیان هەیە هەژمار بکەنەوە و لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.
یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گەشەی ئابووری لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتە پیشەسازییەکان پەیوەستە بە سووڕانەوەی سەرمایە، بانکەکانیش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بەپێی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا جگە لەوەی کە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەم کارتە وەردەگرن ئەوا هەر بەو کارتە دەتوانن قەرز وەربگرن.
لەگەڵ پەرەپێدانی پڕۆژەی هەژماری من ڕەنگە دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان زۆر پێویست و هەنووکەیی بێت بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک بۆ دژایەتیکردنی سیستمی بەبانکیکردن نەمێنێتەوە و کۆتایی بەو باس و خواستە بهێنرێت.