شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

لە ئیدارەی سۆران کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگەوبان لە قۆناغی کۆتاییدان

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی ستراتیجی بەتایبەتی لە بواری ڕێگەوبان جێبەجێ دەکرێن، چەند پڕۆژەیەکی دیکەش لە پلاندان کە لە داھاتوودا جێبەجێ بکرێن، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە ئیدارەی سۆران سیمایەکی شارستانی و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

لە دوای بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی ستراتیجی لەم دەڤەرە خستووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەتایبەتی پڕۆژەی دوو سایدی سپیلک- خەلیفان، بەرزەپردی ئیدارەی سۆران، شەقامی ٤٠ مەتری و چەندین پڕۆژەی دیکە کە بەشێکیان تەواو بوونە و بەشێکیان لە قۆناغی کۆتاییدان.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژە لەو سنوورە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، زۆربەی ھەرە زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو بوونە، ئەوانەی ئێستاش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان کارەکانیان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ھەموویان لە کاتی خۆیاندا تەواو دەبن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکات لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە دڵسۆزی. لەم بارەیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: ئەوەی سەرۆکی حکوومەت وەکو سوپاسنامەیەک ئاراستەی سەرۆکی یەکە ئیداریەکان کرد بۆ ئێمە جێگەی شانازییە، ھیچ کاتێک ھەست بە ماندووبوون ناکەم بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەم، ھەموو کات ھەوڵم داوە پڕۆژەکان بە کوالیتییەکی باش و کاتێکی خێراتر تەواو بکەم، بۆ ئەوەی زووتر بکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە.