شەممە, تشرینی دووه‌م 9, 2024

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پۆرتاڵی کار ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە رێگەی ڕاگەیاندنی “پۆرتاڵی کار”، چەندان هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت، هاوکات وەرگرتنی هاووڵاتییان لە کەرتی تایبەت لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزاییان دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی،  ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 9:30 بەیانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، “پۆرتاڵی کار” ڕادەگەیەنێت، کە ماڵپەڕێکە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: پۆرتاڵی کار، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن. هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا تەنیا کەرتی تایبەت لەو پۆرتاڵە بەشدارن و هەلی کاری خۆیان تێدا ڕادەگەیەنن، هاوکات هیواخوازە لە داهاتوودا کەرتی گشتی (حکوومی)ـش، بێنە ناو پۆرتاڵەکە و هەلی کار لە وەزارەتەکاندا بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێنن.

نەزمی مووسا، گوتیشی: ئێمە وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئەو پۆرتاڵەمان بە خاوەنکاران ئاشنا کردووە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 50 کۆمپانیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان ئامادە دەبن و هەلی کاری خۆیان لە پۆرتاڵەکە ڕادەگەیەنن.

هاوکات گوتیشی: کارخوازان دەتوانن لە پێشانگەکە سەردانمان بکەن، لەوێدا تیمەکانمان هەژمارێکى تایبەتی بەخۆڕاییان بۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکى ئاسان بەدواى کارى دڵخوازى خۆیان بگەڕێن.