یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی فراوان دەکرێت و 150 هەزار فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن

بڕیارە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران فراوان بکرێت و ژمارەی ئەوانەی زەوییان پێدەدرێت لە 200 هەزارەوە زیادبکرێت بۆ 350 هەزار فەرمانبەر

 

پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامی هەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر تیروپشک بۆ سێ هەزار فەرمانبەر کرا، لە 10 ڕۆژی داهاتووشدا لە سەرجەم پارێزگاکانی تر تیروپشک بۆ هەزاران ناوی دیکە دەکرێت.

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئاڤا میدیای گوت، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستن نزیکەی 400 هەزار  فەرمانبەر و خانەنشین فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە، ئەگەر مەرج و ڕێنماییەکان بیانگرێتەوە ژمارەی پارچە زەوییەکان زیاد دەکەین.

بەگوتەی سەربەست مەولود، جگە لەو 200 هەزار فەرمانبەرەی ئامادەکارییان بۆ کراوە زەوییان پێبدرێت، بە ئەگەری زۆرەوە 150 هەزار فەرمانبەری دیکە زیاد دەبن کە مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە. دڵنیایشی دا لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەتوانرێت پارچە زەوی زیاتر ئامادە بکرێن، بۆیە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش نابێت.