هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

لە هەولێر … دەست بە دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەران کرا

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.11.7، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر، دەست بە تیروپشکی دابەشكردنی ( 3 هەزار ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی ( شارەوانی، پلاندانان، کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمان )کرا.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی کرد بۆ ئەو بڕیارە لە پێناو خزمەتکردنى فەرمانبەران و جەختی لە بەردەوامی پرۆسەكە كردەوە، ئاشکراشیکرد، بەپێى داڕشتنى ماستەر پلانى هەولێر نەخشە و دیزاینى بۆ ئەو زەویانە داڕێژراوە کە ئەمڕۆ وەک قۆناغى دووەم دابەشدەکرێت، بە شێوەیەک کە دەبێتە یەکێکى تر لە جوانییەکانى هەولێرى پایتەخت.

گوتیشى: “پڕۆسەکەمان دەستپێکردووە و بەردەوام دەبێت تاکو سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەى بەپێی ڕێنماییەکان زەویان وەرنەگرتووە زەوى وەردەگرن”.

جێگەى باسە، لە دواى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ دابەشکردنى 200 مەتر زەوى بەسەر فەرمانبەرانى سودمەندنەبوو، دەست بەدابەشکردنی زەوی کرا و پڕۆسەکەش بەردەوامی دەبێت.