ململانێی نێوان کۆریای باکوور و کۆریای باشوور براوەتە ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆریای باکوور هەزاران سەربازی خۆی بۆ پاڵپشتیی ڕووسیا و بەشدارییان لە شەڕەکەدا، گواستووەتەوە ناوچەی کورسک لە رووسیا، هاوکات کۆریای باشووریش باس لەوە دەکات ئەگەری هەیە ڕاستەوخۆ چەک بنێرێتە ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-11-2024، یۆن سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “وڵاتەکەی کە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک لە جیهاندا، ئەگەری ناردنی ڕاستەوخۆی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕەت ناکاتەوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە کۆریای باکوور هێزی سەربازیی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕووسیا ناردووە.”
یۆن گوتیشی: “ئێستا بەپێی ئاستی بەشداریی کۆریای باکوور، وردە وردە ستراتیجی پشتگیرییەکانمان بە قۆناغ ڕێک دەخەین.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەمە بەو مانایەیە کە ئێمە ئەگەری ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بەدوور نازانین.”
بەڵام سەرۆکی کۆریای باشوور جەختی لەوە کردەوە “ئەگەر ئێمە لە ئاستی چەکسازیدا بەشداری پشتیوانی بکەین، ئەوا ئەولەویەتەکان چەکی بەرگری دەبێت.”
بە گوتەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پیۆنگ یانگ 11 هەزار سەربازی کۆریای باکووری لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا، جێگیر کردوووە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی کرێملین.