هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

دوای بەهەندوەرگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان پرۆسەکە گرفتی لەبەردەمدا نەماوە

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ تاوتوێی تێبینییەکانی حکووەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەبارەی پرسی سەرژمێرییەوە، چەند بڕیارێکی دەرکرد و بڕیارەکانیش تا ڕادەیەکی باش کردنی پرۆسەکەی مسۆگەر کردووە.

یەکێک لەو خاڵانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەی هەبوو، تایبەت بوو بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدرارەی هەرێمی کوردستان و داوای دەکرد عەرەبی هاوردە بە خەڵکی ئەو شارە لە قەڵەم نەدرێن و سەرژمێرییەکە بە پێی شوێنی ڕەسەنی خەڵک تۆمار بکرێت، وەڵامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ ئەو تێبینییە ئەوە بوو؛ ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، خشتەی داتاکانی ئەم وەزارەتانەی خوارەوە بەراورد دەکەن لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێری لە؛ تۆمارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، سەرژمێریی ساڵی 1957 و زانیارییه‌ نوێبووه‌كانی. وە تۆمارەکانی وەزارەتی بازرگانی و داتاکانی وەزارەتی کۆچ و كۆچبه‌ران.
لە دوو بڕیاردا، کە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ سەبارەت بە سەرژمێری، بڕیاری لێداوە بریتین لە؛ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی (73/فیدراڵی/ ساڵی 2010) تایبه‌ت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
هەروەرها، سەرژمێری لە ناوچە جێناکۆکەکان لە لایەن تیمێکی هاوبەش لە هەر سێ نەتەوەی (عەرەب، کورد، تورکمان) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، هەروەها كه‌سێكی مەسیحی زیاد دەکرێت بۆ تیمەکە لەو ناوچانەی کە زۆرینەی مەسیحیین.
ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بڕیاریشی داوە؛ ئەنجامی سەرژمێریی گشتی و تۆماری داتاکانی سەرژمێری کە لەو بڕگەی سەرەوەدا ئاماژەی پێ کراوە، بە پێی ڕێککەوتنی هاوبەش لە چوارچێوەی دەسەڵاتی وەزارەتەکانی پلاندانانی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، کە تێیدا تۆماری تایبەت بۆ ئەم ناوچانە ڕێکدەخرێت کە ئەنجامی داتاکانی تێدایە، هه‌روه‌ها وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و وەزارەتی پلاندانانی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانی کۆپییەکی ئەم تۆمارە دەپارێزن.
یەکێکی دیکەش لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پابەندبوون بە ڕێکخستنی خشتەی ئامار سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئاواره‌ و هاورده‌كان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پارێزگارەکانی دیكه‌، بەپێی بەڵگە فەرمییەکان. هەروەها پابەندبوونی ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان بە دەستبەجێ دەستپێکردنی ڕاهێنانی ژمێریاران لە خولەكاندا وەک ئامادەکارییەک بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و لە 20ـی تشرینی دووەمی 2024.
بڕیاریشی داوە، ده‌سته‌ی ئاماری هەرێمی کوردستان تیمێکی تەکنیکی ده‌نێرێته‌ ژووری سەرەکی پرۆسه‌كانی سەرژمێری بۆ وه‌رگرتنی زانیاری و بەدواداچوونی پرۆسه‌كانی سەرژمێری و دڵنیابوون لە به‌ڕێوه‌چوونی ڕێكاره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی باش و به‌رده‌وام تا کۆتایی پرۆسەکە