پڕۆسەی هەڵبژادن لە ئەمەریکا کۆتایی هات و سەرکەوتنی پڕۆسەکە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە پێشتر هەرێمی کوردستان پڕۆسەیەکی سەرکەوتووی هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. رووداوەکە بۆ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی ناوچەیی ئەمەریکایە لە جەنگی دژی داعش و مێژوویەکی دەوڵەمەندی هاوکاری و پێوەندییان هەیە، بە گرنگ و پڕبایەخ هەژمار دەکرێت.
رۆژی سێشەممە پێنجی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو و ڕۆژی چوارشەممە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیەنرا و دۆناڵد ترەمپ پاڵێوراوی کۆماریخواز بەسەر کاماڵا هاریسی پاڵێوراوی دیموکراتدا سەرکەوت و دەبێتە چل و حەوتەمین سەرۆکی ئەمەریکا.
ترەمپ لەکاتێکدا دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا کە پێشتریش خوولێکی ئەو سەرۆکایەتییەی بەرێوەبردووە و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ەوە تا کانوونی دووەمی ٢٠٢١ سەرۆکی ئەمەریکا بوو و پێوەندییەکی گەرم و گوڕی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبوو و پاڵپشتێکی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی داعش بوو.
هەر دوێنێ دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزباییان ڕەوانە کرد و هەر دوو سەرۆک بە بایەخەوە هیوای ئەوەیان دەربڕی کە پێوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن لە خولی دووەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، قووڵتر و پتەوتر ببن.
ئەمەریکا و کورد پێوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و ئەگەر ڕووداوەکانی دوای جەنگی یەکەمی کەنداو، دەستپێکی گەشانەوەی ئەو پێوەندییانە بووبێت، ئەوا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی تیرۆر و پاشان دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بە وێستگەیەکی تری تۆکمەکردنی ئەو پێوەندییانە هەژمار دەکرێت.
لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەمەریکا زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری سەر گۆی زەوەی سوود و خێر و بێری بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان هەبووە. وەک ئاشکرایە ئەگەر دەرەنجامەکانی جەنگی یەکەمی کەنداو و لاوازبوونی ڕژێمی بەعس نەبووایە ڕەنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەتوانرابا وا بە ئاسانی دروست ببێت، ئەمەریکا هاوشێوەی فەڕەنسا لە دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی دژەفڕین ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لە دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردووی زایینی هەرێمی کوردستان کە حکوومەتەکەی ساوا بوو تووشی کۆمەڵێک ڕووداوی تاڵ هات کە ناخۆشترینیان شەڕی براکوژی بوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چەسپاندنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بەو شەڕە نەگریسە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبوو و لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە دوژمنانی کورد لە هەوڵی ئەوەدابوون فوو لەو ئاگرەی شەڕ بکەن و سیمایەکی ناشیرین لە ئەزموونی دەسەڵاتی کورد پێشان بدەن، ئەمەریکا هاتە مەیدان و لە ساڵی ١٩٩٨ لەسەر دەستی مادلین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمەریکا ئاشتی لە ناو ماڵی کورد ڕاگەیەنرا.
دوای سێ ساڵ لەو ڕووداوە ئەمەریکا بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر بەغدا و کۆتایی بە ڕژێمێکی دیکتاتۆری ناوچەکە بهێنێت و کورد بۆ یەکەم جار لەگەڵ ئەمەریکا کەوتە هاوپەیمانێتییەکی سەربازی و ڕۆڵی کارای هەبوو لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەمەریکا لە ناوچەکە تەنیا کوردی شک دەبینی کە ڕوانگەیەکی شارستانییانەی بەرانبەر دیموکراسی و پێکەوەژیان و پاراستنی مافی مرۆڤ هەبوو و بۆیەش لەو دۆخە پڕ قەیران و تەنگژەی عێراق کە دەسەڵات ڕووخابوو و ئاداری بەسەر پادارەوە نەمابوو، کورد ڕۆڵی زۆر کاریگەری گێڕا لە بنیاتنانی عێراقێکی نوێی فیدراڵی و تەنانەت کورد پاشەکشەی لە بەشێک لە مافە گرنگەکانی خۆی کرد بەو هیوایەی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دەستکەوتی زیاتر بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان بەدی بهێنێت.
کورد بووە هۆکاری کۆکردنەوەی سەرجەم ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ناکۆکەکانی عێراق لە دەوری یەکتر و دواجار دەستوور چەسپێنرا و حکوومەتی نوێی عێراق دامەزرا. لە سەردەمێکدا کە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دیدێکی زۆر نەرێنی بەرانبەر ئەمەریکا هەبوو و سەربازە ئەمەریکییەکان دەکوژران و بەردیان تێدەگیرا، لە کوردستان گوڵباران دەکران و وەک ڕزگارکەر سەیر دەکران.
بۆ ئەمەریکا ئەوە سەلمێنرا کە کورد دۆستێکی زۆر بەوەفایە و دەکرێ پێوەندییەکان لەگەڵیدا پتەوتر بکرێ و بپارێزرێت. کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١ لە ژێر گوشاری عەرەب نەبووە هۆی پچڕانی پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا و لە ساڵی ٢٠١٤ دوای ئەوەی داعش مووسڵی گرت و پاشان پەلاماری خاکی هەرێمی کوردستانی دا، ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە بە هانای کوردەوە هات و فڕۆکەکانی هەولێریان لە هێرش و پەلامارەکانی داعش پاراست.
دوای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دامەزرا کورد بوو بە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی مەیدانی و لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێکشکێنرا و بۆ هەموو دنیا ئەوە سەلمێنرا کە کورد تا سەرئێسقان دژی تیرۆرە و ئامادەیە لە پێناو ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان قوربانی بدات.
لەدوای ڕووخانی داعش پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا بە پتەوی ماونەتەوە و تا ئەم ساتەش ئەمەریکا بەشێک لە مووچەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات و ڕاوێژکارەکانیشی لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە هاوشێوەی سوپای عێراق بەردەوامن و سەرەتای ئەمساڵ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەو پرسەش ورووژێنرا کە تەنانەت بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
دوێنێ لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە و رۆژی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە بەسەر لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکرێت.
ئەمەریکا زۆر بە بایەخەوە لە هێزی پێشمەرگە دەڕوانێت و تەنانەت ڕۆڵی هەبووە لە یەکخستنی بەشێک لە لیواکانی پێشمەرگە و ئامانجیەتی هەرێمی کوردستان یەک هێزی پێشمەرگەی تۆکمەی هەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتدا بێت. سەرۆک بارزانیش چەندین جار پێداگری لە هەبوونی یەک هێزی پێشمەرگە لەپاڵ یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک هەرێمدا کردووە و بۆیەش پەرەسەندنی پێوەندییەکانی نێوان کورد و ئەمەریکا دەکرێت بەدیهاتنی ئەم ئامانجە نزیکتر بکاتەوە.