ئەمڕۆ ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ کارمەندانی سەرژمێری کارا کرا. سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “پێویستمان بە 13 بۆ 15 هەزار کارمەندە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی دووەم گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “بە مەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بۆ ساڵی 2024 وەکو بژمێر (عداد). ماڵپەڕی پێشکێشکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لە ئەمڕۆوە کارا کرا.”
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان گوتی، “ئەم فۆڕمانەمان بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان راگەیاندووە، ئەوانەی کاریان نییە، بۆئەوەی گوشار لەسەر وەزارەتی پەروەردە کەم بکەینەوە، بەڵام ئەگەر نەمانتوانی ژمارەی کارمەندان پڕبکەینەوە، دووبارە پەنا دەبەینە بەر مامۆستایانی کەرتی پەروەردە.”
گوهدار محەممەد عەلی گوتیشی، “پێویستمان بە 13 بۆ 15 هەزار کارمەندە، بۆ سەرژمێریی هەرێمی کوردستان.”