دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

قەیومكردنی شارەوانییەكان لە توركیا چی دەگەیەنێت؟

وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، قەیومی لەسەر سێ شارەوانیی باكووری كوردستان دانا، دیارترینیان شارەوانی مێردین بوو، كە ئەمە بۆ جاری سێیەمە ئەحمەد تورك، وەكوو سەرۆكی شارەوانیی قەیووم دەكرێت. ئەم هەنگاوە پرسیاری لای كورد و دەم پارتی دروست كردووە، ئایە لەژێر سیاسەتی قەیومدا پرسی چارەسەری دێتەوە بەرباس؟

تاكە هۆكار بۆ قەیومكردنی شارەوانییەكانی باكووری كوردستان، تۆمەتباركردنیانە بەوەی ژێر بەژێر پەیوەندییان بەپەكەكەوە هەیە، بەڵام ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی قەیومكراوی مێردین، وەكوو سیاسییەكی ئاشتیخواز ناوی لە توركیا هاتووە و بەردەوام داوا دەكات پرسی كورد لە توركیا بەئاشتیانە چارەسەر بكرێت.
هەنگاوی یەكەمی قەیوم لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، لادانی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆكی شارەوانیی ئەسەنیورت بوو لەسەر لیستی جەهەپە، ئەویش هەر بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكە لادرا و خرایە زیندانەوە.
جەهەپە، چەندین گردبوونەوەی ئەنجامدا و دژی ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوەخۆ وەستایەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو، هەر هەفتەیەك دوای قەیومكردنی شارەوانی ئەسەنیورت، سێ شارەوانیی باكووری كوردستانیش قەیومكرا.
عەبدولقادر سەلفی، رۆژنامەنووسی زۆر نزیكی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە وتارێكدا دەڵێت، رەنگە ئەمە دەستپێك بێت، ئیدی لەگەڵ هەموو بەیانییەكدا هەواڵی قەیوومكردنی شارەوانییەك ببیستن.
سەلفی، لە وتارەكەیدا كە لە رۆژنامەی (حوریەت) بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت هەر شارەوانییەك پەیوەندی بە پەكەكەوە هەبێت قەیوم دەكرێت. بەگوێرەی بۆچوونی چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی، رەنگە قەیوم رێگری لە پرسی چارەسەری نەكات، كە ئێستا مەهەپە و ئاكەپە هێناویانەتە بەرباس، چونكە پرسی چارەسەری پەكەكەی تێدا نییە و ئەوەی لایەنی ئەو پرسەیە، دەوڵەتی توركیا، دەم پارتی و عەبدوڵا ئۆجەلانە.
بەڵام دەم پارتی، بەتوندی دژی سیاسەتی قەیوم وەستاوەتەوە و دەڵێن، ناكرێت شارەوانییەكانمان قەیوم بكرێت و داوای ئاشتی و پرسی چارەسەری بكەن.
بەگوێرەی گوتەی سەلفی، هەر شارەوانییەك لە باكووری كوردستان، ئەگەر سەرۆك شارەوانییەكەی پەیوەندی بەپەكەوە نەبێت و كاریان بۆ نەكات، بەهیچ شێوەیەك قەیوم ناكرێت و بەردەوام دەبێت لە كارەكەی، ئەوەی قەیوم دەكرێت، ئەو شارەوانییانەن كە پێشتر پەكەكە بوونە و ئێستاش هەر بەردەوامن لە پەیوەندیكردن بە پەكەكەوە.
حەسەن بیلدریجی، سیاسەتوانی باكووری كوردستان، پێیوایە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری هیچ ئەنجامێكی نابێت، چونكە مەهەپە و ئاكەپە، دەیانەوێت كورد هەڵخەڵەتێنن. ئەو نووسەرە، دوای ئەوەی سێ شارەوانیی باكووری كوردستان قەیوم كرا، دەڵێت وەكوو چۆن پێشتر لە هەر هەنگاوێكی پرسی چارەسەری چاوەڕێمان دەكرد بزانین ئەنجامەكەی چی دەبێت، بۆ ئەمەشیان هەر دەبێت چاوەڕێ كەین، بەڵام بێئەنجامە.
ئەگەر بێت و جەهەپە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا بێدەنگی بنوێنن بەرامبەر قەیومكردنی شارەوانییەكانی باكووری كوردستان، وەكوو ئەوەی ئیسماعیل سایماز، نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری توركیا باسی دەكات، ئیدی دەسەڵات روو لە ئیستانبۆڵ دەكات و بەتۆمەتی تیرۆر ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەخەنە زیندان و شارەوانییەكەی قەیوم دەكەن.