ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ناوەندی ھەولێر – فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ “گرووپی شاخەوانیی بەردەڕەش”، ڤیستیڤاڵی پاییزەی شاخەوانان لە قەزای بەردەڕەش ساز دەكات و داوا لە شاخەوانانی كوردستان دەكات بەشداری لەو ڤیستیڤاڵەدا بكەن.
محەمەد بابان، بەرپرسی ناوەندی ھەولێر – فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ (هەولێر) ڕایگەیاند، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بایەخ بە سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی ھەرێمی كوردستان دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا ئەم ڤیستیڤاڵە لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەڕێوە دەبات.
ناوبراو گوتیشی “ئەو ڤیستیڤاڵە گەشتێكی شاخەوانی و كەمپینگ و شەومانەوە لەخۆ دەگرێت. لەكاتی گەشتەكە و شەومانەوەشدا كۆمەڵێك زانیاریی شاخەوانیی پێشكەش بە شاخەوانانی بەشدار دەكرێت”.
ئەو ڤیستیڤاڵە ڕۆژانی پێنجشەممە و ھەینی، رێکەوتی (٧ و ٨ی مانگی ١١ـی ٢٠٢٤)، لە قەزای بەردەڕەش ھەروەھا لەژێر چاودێری و بەشداری ڕاسەوخۆی “ھێمن ئەمین” سكرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت.