یەكەم لێدوانی نێیمار لە دوای تووشبوونی بە پێكان

یەكەم لێدوانی نێیمار لە دوای تووشبوونی بە پێكان
یاریزانی بەڕازیلی نێیمار دا سیلڤا، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعوودی، دووپاتی كردەوە، كە پێش گەڕانەوەی لە پێكانەكەی و بەشداریكردن لە یارییەكان، لەلایەن پزیشكانەوە هۆشداریی پێ دراوە، كە دواتریش لە یاریی نێوان یانەكەی و یانەی ئیستقلالی ئێرانی تووشی پێكان هات.
یانەی هیلال، سەركەوتنێكی گەورە و ئاسانی بەسەر یانەی ئیستقلالی ئێرانیدا تۆمار كرد و 3-0 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، لەو یارییەی دووشەممەی ڕابردوو لە گەڕی چوارەمی خولی بژاردەی ئاسیایی بەڕێوە چوو.
نێیمار، لە یارییەكەدا سەرەتا لەسەر كورسیی یەدەگ بوو، بەڵام لە خولەكی 58ی یارییەكە چووە شوێنی عەبدوڵا حەمدانی ئەستێرەی یارییەكە، دواتر لە خولەكی 87ی یارییەكە بە كاریگەریی تووشبوونی بە پێكانەوە، یارییەكەی پێ تەواو نەكرا و محەمەد قەحتانی چووە شوێنی.
نێیمار لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئینستاگرام نووسیویەتی: هەستم بە گرژبوونێكی زۆر بەهێز كرد، تاقیكردنەوە و پشكنین دەكەم، هیوام وایە شتێكی گەورە نەبێ.
گوتیشی: ئاساییە دوای یەك ساڵ ئەوە روو بدا، پزیشكان هۆشدارییان پێ دابووم بەوەی كە وریا بم، تا خولەكی زیاترم هەبێ بۆ یاریكردن.
پێكانی نێیمار لە دووەم یاریی گەڕانەوەی نێیمار بوو، كە بەهۆی پێكانی بەستەری قاچییەوە، كە لە ئۆكتۆبەری 2023 تووشی بوو، 369 ڕۆژ یاریی نەكرد.

مەڕمووش لەسەر مێزی یانەی بایرن میونشنە
یاریزانی میسڕی عومەر مەرمووش، بووەتە جێی سەرنجی یانەكان، چەندان بۆندی گەورە پێشكەشی یانەكەی (ئینتراخت فرانكفۆرت) كراوە.
تۆڕی سكای ئەڵمانی بڵاوی كردەوە، كە یانەی بایرن میونشن، چووەتە ڕیزی ئەو یانانەی كە دەیەوێ مەرمووش بباتە ریزەكانی لە هاوینی ساڵی 2025ـدا.
سكای بڵاوی كردەوە، كە لەلایەن ڤیسێنت كۆمپانی، راهێنەری یانەی بایرن میونشن و ماكس ئیبرلی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە، بایەخێكی زۆر بە دەستخستنی ئەو یاریزانە دەدرێ.
ئاماژەی بەوەش كردووە، كە گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا هەیە، بەڵام نەگەیشتووەتە دانوستان لەبارەی بۆندەكەوە.
یانەی فرانكفۆرت خواستی لەوەیە 50 تا 60 ملیۆن یۆرۆ لە پای دەستبەرداربوون لەو یاریزانە نێودەوڵەتییە میسڕییە وەربگرێ، كە بۆندەكەی تا ساڵی 2027 هەیە و هیچ مەرجسزایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی نییە.
هەروەها یانەی فرانكفۆر ئامانجی ئەوەی هەیە، كە بۆندی مەرمووش بۆ ساڵێكی دیكەش درێژ بكاتەوە، لەگەڵ زیادكردنی بەهای مووچەكەی، بەڵام یاریزانە میسڕییەكە دەیەوێ یاخی بێ لەو هەنگاوە.
بۆ بیرهێنانەوە، یانەی بایرن میونشن، تاكە یانە نییە كە بایەخ بە مەرمووش دەدا، بەڵكوو یانەی لیڤەرپوول، دەیەوێ ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانیەوە و وەكوو شوێنگرەوەی سەڵاح دەستبەكاری بكات.
مەرمووشی لەگەڵ یانەی فرانكفۆرت لە هەموو پاڵەوانیەتییەكان 14 یاریی كردووە لەم وەرزەدا، 12 گۆڵی كردووە و 9 گۆڵی دروست كردووە، ئەوەش ژمارەیەكی بەرزە و وای كردووە یانە گەورەكان چاوی تێ ببڕن.