چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

بۆچی هەژماری من باشترە؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی
بەشبەحاڵی خۆم نە ئابوویناسم و نە هیچ لە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی دەزانم و، هەرگیز لەو ڕوانگەیەشەوە مۆڵەت بەخۆم نادەم قسە لەبابەتەكە بكەم. چونكە ئەو گۆشەیە، ئەوەی پەیوەندی بەسود و قازانج و سەركەوتن و شكستی پرۆسەیەكی دارایی و بانكییەوە هەبێت، خەڵكی پسپۆڕی خۆی دەتوانێت ڕای تێدا بدات و، هەقە فێری ئەوە ببین كە بابەتەكان بۆ ئەهلی خۆیان بەجێبهێڵین.
بەڵام ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە، كۆمەڵێك گۆشەی ترە كە هەموومان مافی ئەوەمان هەیە قسەی تێدا بكەین. بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت لەهەموو بابەتەكاندا ڕوشدی نەتەوەیی ببیننەوە و، بزانن كاتێ چۆلەكەیەك لەم كوردستانە تنۆكێك ئاو دەخاتە ناو دەنوكی بچوكی، چەندە لەبەرژەوەندی كوردە و چەندە لەدژی بەرژەوەندی كوردە.
دەمەوێت بڵێم: بەندە دەمەوێت لەفڕینی چۆلەك و پەڕەسێلكە و خواردنەوەی قومێك ئاویشدا، ڕەچاوی بەرژەوەندی كورد وەكو نەتەوە بكرێت. ئەوجا باس لە بابەتە تەكنیكی و هونەری و سودە كەسییەكان بكرێت.
بەو مانایەش دەڵێم: هەژماری من وەكو پرۆسەیەك مادەم لەناو كورد خۆیەوە گەڵاڵە كراوەو، بەڕێوە دەبرێت، بەهەموو كەموكووڕییەكانییەوە، پێویستە سەربخرێت. تاكو كورد بتوانێت ببێتە خاوەنی ئەزمونی خۆی لەبواری بانكی و مامەڵەكردنی داراییدا. كۆكردنەوەی ئەزمون، یەكێك لەهەرە ئەو ناتەواوییانەی كە كورد هەیەتی و، ناتوانین بڵێین: نموزەجی كوردیمان هەیە لەبوارە جیاجیاكان و كایەكانی ژیاندا.
كە دەڵێین كۆكردنەوەی ئەزمون، مانای وایە ئەوەی قسەی لێدەكەین سەرەتایە و، حەتمەن كەموكووڕی تێدایە، بەڵام ئەوە گرنگە كە ئەقڵێ كورد خۆی چارەسەری بكات.
سات بەسات و لەدوای كامڵبوونی پرۆژەكە، تێدەگەین یەكێك لەكایە هاوچەرخەكانی ژیانی لەلایەن كورد خۆیەوە بەڕێوە دەبرێت و پێویستی بەخیبرە و شارەزایی بێگانە نیە، یان زۆر كەمە. ئایا ئەمە گرنگ نیە بۆ ئەقڵی هاوچەرخی كورد؟ ئەگەر كورد بتوانێت بە پشت بەستن بەخۆی و هەندێ ڕاوێژ لەگەڵ دەرەوە، كایەكانی تر، سێكتەرەكانی تریش بەڕێوەبەرێت و ئەزمونێكی لێوەربگرێت و ساڵ لەدوای ساڵ خۆی كاملتر بكات، ئایا ناگەینە ڕیزی نەتەوە زیندووەكانی دنیا؟.
نزیكبوونەوەی كورد لەكەماڵ، هەر ئەو مەترسییەیە كە وادەكات زۆرێك بترسن لەوەی كورد تیایدا سەركەوتووبێت، بۆیە هەوڵی ڕاوەستاندی دەدەن. ئەوان نایانەوێ كورد فێر ببێت خۆی بەڕێوە بەرێت. بۆیە هەوڵ دەدەن بەناڕاستەوخۆ و لەبابەتە هونەریی و تەكنكییەكانەوە شەڕەكە لەگەڵیدا دروست بكەن و، بەئامانجی ڕاوەستاندنی پرۆژەكە كار بكەن.
بەڕای من چەندە گرنگە ئەگەر كورد بتوانێت لە سێكتەری كارەبا، پرۆژەی خۆی هەبێت، لەبانك پرۆژەی خۆی هەبێت، لە وزە و خزمەتگوزاری دیكە، لە تەواوی سێكتەرەكان بیرۆكە و ئەقڵ و دەستی كوردی هەبن، ئەوەندە كورد دەچێتە ڕیزی نەتەوە زیندووەكانی دنیا و لەكاروانی سەردەم جێگەی دەبێت.
بۆیە دژایەتی كردنی هەژماری من، بەوە تێدەگەم كە ئیرادەیەك هەیە لەوە دەترسێت كورد فێرببێت خۆی بەڕێوە بەرێت. بۆیە دەیەوێت ڕایبگرێت. لەم سۆنگەیەشەوە پێم وایە پرۆژە كوردییەكە هەبێت گرنگترە، با هەندێ كەموكووڕیشی هەبێت، هێشتا باشترە لەوەی پرۆژەی ئامادەكراوی بێگانە بهێنین و كورد تەنها بخۆر و چاوەڕوان بێت.