”سەرۆکایەتیی هەرێم بەدواداچوون بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکات”

لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە بەدواچوون بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکرێت و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش دەڵێت، پێداویستیی سەنگەرەکان پڕدەکرێنەوە و سەنگەرەکان تۆکمە دەکرێن بەڕووی تیرۆریستاندا.

سەرچاوەیەک لە ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوای ڕووداوەکانی ماوەکانی ڕابردوو و دەستپێکردنەوەی ھێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەست پێ کردووە و لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە ھەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەسەر دەکرێنەوە و لە کێشە و پێداویستییەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکۆڵێنەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک.”
سەرچاوەکە گوتیشی: “لیژنەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەڕووی تیرۆریستانی داعشدا تۆکمە بکرێن و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ھەیە پڕ بکرێتەوە، تا دەرفەت بۆ تیرۆریستانی داعش نەمێنێت ھێرشی سەر ناوچە کوردستانییەکان و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەن.”
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: “بڕیارە لە ژمارەیەک میحوەر خانوو و سەنگەری نوێ بۆ پێشمەرگە دروست بکرێت و لە ھەندێ میحوەریش دەست بە دروستکردنیان کراوە، ھەر پێداویستییەکی سەربازی و ھێزەکانی پێشمەرگەش ھەبێت لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە پڕ دەکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرینگە بۆ ئەوەی سەنگەرەکانی بەرگری زیاتر تۆکمە بکرێن.”

ھەواڵی زیاتر