ئەمشەو، پارێزگای هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، “دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای فەڕەنسۆ ھەریری، لە ماوەیەکی کەمدا وەک قۆناغی یەکەم دەست بە گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە دەکرێت، ئەمشەو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ ڕاهێنەری یانەی هەولێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەکە، بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی گۆڕینی چیمەنی یاریگاکە کرد وەک قۆناغی یەکەم، کە چاوەڕێ دەکرێت لەم نزیکانە دەستی پێبکرێت.”
ئاماژەی بەوەش داوە، كە “پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەست خۆشی لە یاریزانان و ڕاهێنەر و سەرۆکی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، دڵخۆشی خۆی بەدەرنجامەکانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نیشاندا و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەکی خۆشی بۆ سەرکەوتنی یانەکە دووپاتکردەوە.”
جەحتی لەوەش كردووەتەوە، كە “یاریگای شەھید فەڕەنسۆ ھەریری یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و بە دووەم گەورەترین یاریگای وەرزشی دادەنرێت لە عێراق، لە ساڵی 1956 لەگەڵ دروستبوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لە کۆتایی ساڵی 2001 بەناوی شەھید “فەڕەنسۆ ھەریری” کراوە، لە ساڵی 2009 بووەتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، ئێستاش ئەو یاریگایە بووەتە بەشێکی دیار و بەرچاو لە مێژووی ھەولێر و جێی شانازی ھەموو وەرزشوان و وەرزش دۆستانە.”