مەحموود محەمەد: سوننەکان پێکەوە بەشداریی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکەن و، دەیانەوێ لە کورد نزیک بن

دوای سەردانی شاندی هاوپەیمانیەتیی تەقەدوم کە پێک ھاتبوو لە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد ئەلجبوری و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند؛ شاندەکە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، باسی دوایین پێشهات و پێشڤەچوونەکانی ئەم دواییەیان کردووە. دوابەدوای سەردانی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا. هەروەها باسی ئەوە کراوە کە بەیانی ڕۆژی دیاری کراوە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی ئەو پۆستانەی کە هەیە”.

مەحموود محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو؛ سوننەکان بڕیاریان داوە بەیەکەوە بەشداریی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حكوومەت بکەن، لە هەمان کاتدا خواستی ئەوەیان هەبوو لە کورد نزیک بن، بە هەردوولاشمان ئێمە و ئەوانیش جەختمان لەوە کردەوە هەوڵ بدەین برایانی شیعە لەنێو خۆیاندا ڕێک بکەون بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینە بەرەو پێشەوە بچێت و چی دیکە ئەو دواخستنە بەردەوام نەبێت”.
وتەبێژی پارتی، ئاماژەی بەوەش کرد، سوننەکان لە نێوان خۆیان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان یەکلایی کردووەتەوە و گوتی؛ سوننەکان لەنێوان خۆیاندا ئەوەیان یەکلا کردووەتەوە کە کێ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر دەکەن، بۆ دەستنیشانکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش، لەماوەیەکی کەمدا ساخ دەکرێتەوە و. ئەو دەسەڵاتەش دراوەتە شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی کە ئێستا لە بەغدان،ئەوان ئەو بابەتە یەکلا دەکەنەوە”.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران و سەركۆماریش گوتی؛ ئێمە و یەکێتی لەسەر کارنامەی هاوبەش ڕێککەوتووین، دەمێنێتەوە سەر پۆستەکان ئەویش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هێشتا سەركۆمار کاتی ماوە، ئەگەر پەرلەمانیش دەستبەکار بێت ماوەیەک لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری سەركۆمار دیاری بکرێت، ماوەیەکی دیکەش لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران دیاری بکرێت”.
مەحموود محەمەد، باسی لەوەش کرد، هەوڵی ئەوان وەکو کورد بە تایبەت وەک پارتی و بۆچوونی سەرۆک بارزانی ئەوەیە تەداخول لە نێوان شیعەکان نەکەن و ڕێککەوتنی نێوانیان بۆ خۆیان لێ بگەڕێت و گوتی؛ بۆچوونی ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆچوونی خودی سەرۆک مەسعود بارزانییش لە کوردستاندا ئەوە بووە، هەوڵ بدەین هیچ لایەکمان دەستوەردان لە نێو پێکهاتەکانی دیکەدا نەکەین، وەکو ئەوەی کە ئێمەی کورد دەستوەردان لەنێو پێکهاتەی شیعە و سوننەدا نەکەین، بە پێچەوانەشەوە. بۆیە ئەوەی کە گرنگ بوو ئەوەبوو هەلێکی زۆر لەو ماوەیە دراوەتە برایانی شیعە بۆ ئەوەی لەنێو ماڵی خۆیاندا ڕێک بکەون و هەوڵ بدەن ئەو ڕێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی ئەو سیاقاتی زەمەنی کە دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنی دامەزراوەیاساییەکان بەڕێوە بچێت”.

ھەواڵی زیاتر