یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

پارتی، سەنگەر و جەنگاوەری حەقیقییە

حەمید قەڵادزەیی
لە جەنگە گەرمەكاندا، هەمیشە ئەو هێزەی جەنگاوەری ئازا و ڕاهێنراوی زۆری هەیە و پاراون بە باوەڕی خۆیان و خاوەنی كەرەسەی جەنگی پێشكەوتوون، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكرێ، ئەوان تەپڵی سەركەوتن لێبدەن،
جەنگیش چەند جۆرێكی هەیە، دەشێ جەنگی دیموكراسی لە زەمەنی ئەوڕۆدا زۆرترین و مەقبوڵترین جۆری جەنگ بێ
لە جەنگی دیموكراسیدا، ڕەخنە و بێ ئەرزشكردنی ڕۆڵی ئەوی تر، جۆرە فیشەكێكە و بەردەوام ئاراستە دەكرێ، جوانترین سێرە لە نێوچاوانی بەرامبەر دەگیرێ بە فیشەكی ڕەخنە و، هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی زەمەنی كاركردن، وەك كورد دەڵێ { لە ناو نانی گەرمدا هەڵگیراون} میدیا سەنگەری هەرە دیاری جەنگی دیموكراسییە، ئەوانەی لە شەڕی میدیاییدا هانا بۆ ڕەفتار و دەربڕینی پۆپۆلیستی دەبەن، ناتوانن خۆیان لە گوتاری واقعیانە بدەن، چونكە چەكی كەتواربینانە كاریگەری بۆ ئەوان نابێ و پێی ناگەنە مەنزڵ، بینیمان لە هەڵبژاردنی ٢٠ـــ١٠ـــ٢٠٢٤ لە كام شاشە و دەمی كام سیاسیانەوە جوڵە و دەربڕینی پۆپۆلیستی خەڵكی بێزار كردبوو
هەر وەك چۆن ئەوانەی هەڵگری گوتاری واقعیانەش بوون دیار و ئاشكرابوون، لە نێو پێكهاتەی كۆمەڵایەتی كوردستان و لە سایكۆلۆژیای تاكی ئێمەدا هەمیشە گوتاری واقعیانە پێشوازی گەرمی لێ دەكرێ، چونكە خەڵك دەزانێ كێ قودرەتی گۆڕانكاری هەیە، هەر وەك چۆن لەوەش دڵنیایە، بە گوتاری پۆپۆلیستی و دەربڕینی یوتوبیایی و نوقڵانەی بێ كردار هیچی دەستناكەوێ،
هۆكاری سەركەوتنی پارتی بە جیاوازی ئەو ڕێژە زۆرەی لەگەڵ هێزی دووەمدا هەیەتی لەو چەند خاڵە سەرەكییەدا كۆدەبێتەوە.
یەكەم / خەڵكی پارتی پشت ئەستوورە بە قیادەی خۆی، لەگەڵ بوونی هەر جۆرە نیگەرانییەكیش، وا پەروەردە بووە، لێناگەڕێ و ناتوانێ بێدەنگ بێت لە بەرامبەر كەوتن یان شكستی پارتی، بۆیە پارتی بەر لەوەی وەك حیزب بێت، لەلای پارتییەكان جۆرێكە لە عەقیدە
دووەم/ زۆرینەی خەڵكی دەرەی پارتی بەتایبەتی {دەنگە خۆڵەمێشییەكان}،متمانەیان بە پارتی بەخشیوە، ئەوەش لە ئەنجامی تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی گوتار و ئاوڕدانەوە لە شوێن دەستی كار و دیاریكردنی هێزی كار و كردار و جیاكردنەوەیان لەوانەی هەر قسەدەكەن و هیچیان لێ شین نابێت.
سێییەم/ سەنگ و قورسایی لە دبلۆماسییەت و كاریگەری پارتی لەلای كەسانی بەئاگاو چاودێر، بەراورد ناكرێ بەو هێزانەی هەڕەشەی شكستپێهێنان و لە زەویدانی پارتیان دەكرد، ئەوەش چ لە سەر ئاستی ناوخۆ یان هەرێمایەتی و شانۆی سیاسی جیهانی،
چوارەم/ پارتی سروشتی جیاوازە لەگەڵ هێزەكانی تر، ئەو دسپلین و پرەنسیپانەی لە قوتابخانەی پارتیدا بوونیان هەیە، لە لای هێزەكانی تر شێوازێكی ترە، لە لایەكی دی پارتییەكان یەقینیان بەرامبەر راستگۆیی ڕێبەر و سەركردایەتی خۆیان زۆرە لەمەر بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، بۆ پارتییەكان گەلێك قورسە لە بازنەی ئیلتزام بێنە دەر، چونكە تێگەیشتنی پارتییەكان بۆ پارتی هەر ئەوەیە پارتی سەنگەری لەشكان نەهاتووی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكانە، بۆیە ناتوانن لەكاتی پێویستدا پشت لە پارتی بكەن،
پێنجەم/ پارتی خاوەنی چەندین دەسكەوتی گەورەیە لە ڕابردوودا، حیزبی خاوەن داستان و نەبەردی گەورەیە، خاوەنی درێژترین شۆڕشی سەرتاسەرییە، حیزبی هەستانەوە و دانوستانكاری قەزییەی خۆیەتی، هەمیشە لە چاوی نەیاران و شۆڤێنییەكاندا وەك خاوەن قەزییەی كورد قسەی لەسەر كراوە و دەكرێ، لەمەڕ پرسی پێكەوەژیان هێزی نەرمە و بڕوای بە موزایك و دەنگ و ڕەنگی جیاواز هەبووە و هەیە، ئەوەی پارتی لەو هێزانە جیادەكاتەوە كە خەون بە شكستی پارتییەوە دەبینن، ئەوەیە، پارتی مساوەمە لەسەر پرسی خاك و بەها بەرزە نیشتمانییەكان ناكات، بۆیە كاتێك گوێ لە شۆڤێنییەكان دەگرین، هەمیشە قسەیان ڕەقە بەرامبەر پارتی و ڕكابەرەكانیشی بە دۆست و هاوپەیمان دەزان،