دوێنێ، ٤٣ ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانیدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەلایەن سیخۆڕانی ڕژێمی سەددامەوە تێپەڕ بوو.
لە دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ دەسەڵاتدارانی عێراق لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەترسان و لە هەموو ڕوویەکەوە هێرشیان دەکردە سەر سەرکردایەتیی پارتی و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێش ٤٣ ساڵ لە ٨/١/ ١٩٧٩ سیخۆڕانی ڕژێم هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک بارزانییان دا و لە ئەنجامدا هەوڵەکەییان سەری نەگرت و ئازاد بەرواری و دکتۆر پیرۆت بریندار بوون.
شارەزایانی سیاسی و مێژوویی دەڵێن، ئەوکات ڤیەننای پایتەختی نەمسا ناوەندێک بوو بۆ چالاکییە سیاسییەکانی پارتی و خۆڕێکخستنەوەی، بەتایبەت دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، هاوکات ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ قوتابییان و تێکۆشەرانی پارتی.
دەشڵێن، ڕژێم وای زانی ئامانجەکەیان پێکاوە و سەرۆک بارزانی تیرۆر کراوە، بەڵام نەیانزانی پیلانەکەیان سەری نەگرتووە.
ئاماژە بەوەش دەدەن کە چوونی سەرۆک بارزانی بۆ ڤیەننا، پایتەختی نەمسا، بە ئامانجی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێکخستنەوەی پارتی بوو.

