هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

سەرۆك بارزانی بۆ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی: بۆ پێکهێنانی حکوومەت پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە “ڕۆژی دووشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2024 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.”

لە دیدارەكەدا، كە ستێڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق “پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی دیموكراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، وێنەیەكی شاییستەی هەرێمی كوردستانی پێشانی هەموو لایەك دا.”

هەر لەدیدارەکەدا، سەرۆك بارزانی “سوپاسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كرد، كە سەرباری بوونی كۆمەڵێك كێشەی تەكنیكی بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە.” لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا “كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەجێندای حكوومەتی داهاتوو پێك هێناوە و ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.”

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.