شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سوودەکانی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای بیست و چوار سەعاتی فرەڕەهەندن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و ئامانجیەتی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ لە هەموو کوردستان جێبەجێ بکرێت، بریتییە لە پڕۆژەی ڕووناکی کە بەهۆیەوە کارەبای بیست و چوار سەعاتی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.

پرۆژەکە بە سەرکەوتوویی ئەزموون کراوە
پڕۆژەکە لە هەولێر لە هەر دوو گەڕەكی شادی و نازناز جێبەجێ کراوە و ئەو گەڕەکانە هیچ کاتێک کارەبا لەسەریان ناپچڕێت و سەرەتای ئەم هەفتەیەش بەڕێوەبەرایەتی کارەبای هەولێر ئەوەی خستە ڕوو کە پڕۆژەکە لە هەر دوو گەڕەکی وەزیران و بەختیاریش لە جێبەجێکردندایە و لەوانەیە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کارەبای ئەو گەڕەکانەش ببێتە بیست و چوار سەعاتی. لەوانەیە پڕۆژەکە لای هەندێک کەس بە شتێکی ئاستەم بێتە بەرچاو بەڵام شتەکە نەک ئاستەم نییە بەڵکوو بەدیهاتنەکەی زۆر ئاسانە و قازانجەکەشی فرەرەهەندە و هەر ئەو ڕێگایەشە دەتوانێت کوردستان بەرەو ئەوە ببات لە کارەبای مۆلیدە ڕزگای ببێت یان لانی کەم کەمتر سوود بە مۆلیدەکان ببەستێت. پرسیاری سەرەکی لە نێو هاووڵاتییان ئەوەیە حکوومەت کە نیوەی ئەو کارەبایەی دابینی دەکات نیشتمانییە و ئەوەی تری پشت بە مۆلیدە دەبەستێت و ڕۆژانە پچڕانی کارەبا هەیە چۆن دەتوانێت کارەباکە بۆ بیست و چوار سەعاتی بگۆڕێت.
پێشتریش و لە ساڵانی ڕابردوودا هەر لەم ڕۆژنامەیە چەندین جار ڕاپۆرتی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە ئەو کارەبایەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەکار ببردرێت ئەوا بەشی هەموو پێداویستییەکانی خەڵک بە کارەبا دەکات، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازەوە زێدەڕۆیی کراوەتە سەر کەرتی گشتیی کارەبا.
زێدەڕوییەکانی سەر کارەبا
سەرەکیترین ئەو زێدەڕۆییە بریتییە لە بەلێشاو بەکاربردنی کارەبای نیشتمانی لە لایەن هاووڵاتییان، چونکە ڕاستەوخۆ خەرجییەکانی دابین ناکەن و گوێ بە خەرجییەکەی نادەن. هاوبەشی کارەبا هەیە پارەی کارەبای دە ساڵ لەمەوبەری نەداوە و حکوومەت چاوەڕوانە ڕۆژێک ئەو خانووە بفرۆشرێت یان بە ناوی کەسێکی دیکە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پارەیە لە هاووڵاتی وەربگرێتەوە و هاووڵاتی بۆ دابینکردنی کرێی کارەبا هەستی بە بەرپرسیارێتی نەکردووە.
زۆر بەکاربردنی کارەبا لە لایەن یەک ماڵ لەسەر حسابی ئەوەیە ماڵێکی دیکە کارەبای لێ بپچڕێت و تا ئەو ساتەی کلتووری بەکاربردنی کارەبا نەیەتە کایەوە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ سێ هێندەش بەرز بکاتەوە هێشتا ناتوانێت پێداویستییەکان دابین بکات. زێدەڕۆییەکی تر لەوەدابووە کە خەڵکێک کارەبایان دزیوە و بە بێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدەن ئەوا سوود لە کارەبا وەردەگرن. حکوومەتی هەرێم لەم ساڵانەی ڕابردوودا بە دابینکردنی پێوەری زیرەک توانی هەنگاوی زۆر باش بنێت لە نەهێشتنی ئەو جۆرە زێدەڕۆییە کە ئێستە بووەتە ژێرخانێکی گرنگ بۆ پڕۆژەی ڕووناکی.
سێیەم زێدەڕۆیی یان باشتر بڵێین بەفیڕۆدانی کارەبا ئەو جۆرەیە کە لە کاتی گواستنەوە ڕوودەدات کە ئەمەیان زیاتر پێوەستە بە کۆنیی تۆڕەکانی کارەبا و نوێکردنەوەی تۆڕەکان دەتوانێت ئەو بەفیڕۆچوونە کەم بکاتەوە و حکوومەت لەم ڕووەشەوە هەنگاوی ناوە.
پرۆژەکە خەرجی کارەبای هاووڵاتیان کەم دەکاتەوە
لە پڕۆژەی ڕووناکی، خەڵک ڕاستەوخۆ هەست بە خەرجییەکانی کارەبا دەکات و مانگانە حسابەکەی دەزانێت و پێویستە دابینی بکات و بۆیەش بەخۆیدا دەچێتەوە و یەکەم هەنگاوی ئەوەیە کە کۆتایی بە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بێنێت، گڵۆپە زیادەکان دەکوژێنێتەوە، ئەو جۆرە گڵۆپانە لە ماڵەکەی هەڵداوەسێت کە واتی کەمتریان هەیە، لە بەکاربردنی ئەو ئامێرانە دوور دەکەوێتەوە کە کارەبای زیاتر خەرج دەکەن، بەگشتی دەست بە کارەباوە دەگرێت و بەگوێرەی پێداویستییەکانی سوودی لێ وەردەگرێت و لە کۆتایی مانگەکەدا ئەگەر بە ڕێکوپێکی کارەبای بەکار هێنابێت ئەوا خەرجییەکانی لە خەرجییەکانی پێشتر کەمتر نەبێت زیاتر نییە.
پێشتر دەبوایە مانگانە هەر چۆنێک بێت پارەی مۆلیدە دابین بکات کە لە هاویناندا هەر ئەمپێرێکی لە بیست هەزار دیناریش تێپەڕی دەکرد و ئەگەر چوار ئەمپێری هەبوایە دەگەیشتە هەشتا هەزار دینار، خۆ لە دوازدە سەعاتەکەی کارەبای نیشتمانیش پارەی بۆ دەهاتەوە و بەیەکەوە خەرجییەکانی زۆر دەبوون. جیاوازییەکە لەوەدایە خەڵک لە پڕۆژەی ڕووناکی خەرجییەکانیان لە هی پێشوو تێپەڕ ناکات بەڵام کارەبای بیست و چوار سەعاتییان هەیە و لە ژیانێکی زۆر شارستانییانەتردا دەژین.
سوودەکانی پرۆژەی ڕووناکی
ئەم هەنگاوەی حکوومەت سێ قازانجی هەیە یەکەم بۆ هاووڵاتییانە کە بەهەمان خەرجیی جاران یان شتێک کەمتر یان زیاتر کارەبای بیست و چوار سەعاتییان بۆ دابین دەکرێ، دووەم قازانج بۆ حکوومەتە کە بە باشی دەتوانێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات و بەرهەمهێنان لەگەڵ بەکاربردن هاوسەنگ بکات و پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی هاوسەنگ پەرە پێ بدات و لە لایەک خەرجییەکی زۆری بۆ بگەڕێتەوە و لەگەڵ ئەمەدا ت داهاتێکی زۆریشی دەست بکەوێت کە دەتوانێت دووبارە وەبەرهێنانی پێ بکاتەوە. بەدەرلەمە سوودە سەرەکییەکەی بۆ گێڕانەوەی کارەبایەکی زۆرە کە بەفیڕۆ دەچوو و ئابووری هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەردەگرێت و لە هەمووان گرنگتر کەمبوونەوەی ژمارەی مۆلیدەکان بە واتای پاکتربوونی ژینگە دێت کە سوودەکانی بێسنوورن.