چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

دوای یەکلایی بوونەوەی تانەکان پارتی دەستپێشخەرییەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەستپێدەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ململانێی سیاسی لە کوردستان و هاوکات گەشەکردنی میکانیزمە دیموکراسییەکان لە کوردستان، یەکێک لەوانە هەڵبژاردنی ئازادانە و دیموکراتی خەڵکە، بۆ ئەوەی بە دەنگەکانیان سیستەمی حوکمڕانی و ئەو حزبانە هەڵبژێرن کە بەرنامە و کارەکانیان جێگەی ڕەزامەندی خەڵکە، بە گشتی لە کوردستان تا ئێستا لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان براوە بووە، بەڵام ئەنجامەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە بە شێوەیەک لە کۆتا هەڵبژاردن کە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو پارتی گەیشت بە لووتکەی گەشەسەندن بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابردوو.

٢٠ی ئۆکتۆبەر لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەنجامەکان ڕاگەیەنران و براوەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە ٣٩ کورسی پەرلەمانی بە دەست هێنا.

پارتی بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لیژنەیەکی پێکهێناوە
مەکتەبی سیاسی پارتی لیژنەیەک بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت پێک دەهێنێت، لیژنەکە لەلایەن هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکایەتی دەکرێت، هەروەها ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەشدارن لە لیژنەکە، بڕیاروایە دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، لیژنەکە بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات. د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاشکرای کرد: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، سەردانەکەش بۆ ئاڵوگۆڕی بۆچوونی لایەنەکانە و دواتر بڕیار دەدرێت، دەرگای پارتی بە‌ڕووی هەموو لایەنەکاندا واڵایە، چونکە نیەتی سەردانی پارتی هەر بۆ ئەوەیە و بۆچوونی لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرین.
ئاراس حەسۆ میرخان، دەشڵێت: دەمانەوێ یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک بڕیار هەبێت، دوای سەردانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، پارتی کۆدەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەدات.

سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠ی ئۆکتۆبەر
بەبڕوای چاودێرانی سیاسی لە کوردستان، چەند فاکتەرێکی بەرچاو هەن کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تریش جگە لە پارتی درکی پێدەکەن کە بوونەتە هۆکاری هەڵکشاندنی دەنگەکانی پارتی، لەوانەش: سووربوونی پارتی لەسەر پرسی سەربەخۆیی، هەوڵدان بۆ یەکڕیزی، لە ماوەی ڕابردوو لەسەرجەم مەترسی و پرسە گرنگەکان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی هەوڵی بێ وچانیانداوە لە پێناو دروستکردنی یەکڕیزی نیشتمانی نێو ماڵی کورد، بەڵام بە هەر بیانووییەک بێت چەند لایەنێکی سیاسی و هەندێکجار هەموویان دژایەتی ئەم هەوڵانەی پارتییان کردووە و دواجار وایان لە خەڵکی کوردستان گەیاندووە پارتی لە بڕیاردان قۆرخکارە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن تێگەیشتنی دروستی خەڵکی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند، هەروەها لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نۆ زۆربەی لایەنەکان بەشداریان کرد و بەپێی دەنگی خۆیان و زیاتر پۆستیان پێدراوە، بەڵام لە کاتی هاتنە پێشەوەی قەیرانەکان و بڕینی بەشە بودجەی کوردستان و کێشەی دارایی و قەیرانی مووچە و نەخۆشی کۆڕۆنا، سەرجەمیان کەوتننە موزایەدە و هەوڵی تێکدانی زیاتری کابینەکەی حکوومەتیاندا و خۆیان لە کێشە و قەیرانەکان نەکردە خاوەن و پارتییان بە تەنیا بەجێهێشت.
هۆزان خورشید، چالاکوانی بواری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن گەلی کوردستانەوە متمانەیەکی گەورەتر و بەرپرسیارێتییەکی گەورەتری پێدرا، ڕوانگەی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەیەوێت حکوومەتێکی بەهێز دروست بکات، وەکو سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت لە هەرێمی کوردستان دەبێت هەبێت، پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکات، چەمکی حکوومەتی بەهێز بە تێگەیشتنی یەکڕیزیی وڵات و یەک ئیرادەیی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، یەکڕیزی بەم شێوەی کە لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن یەک ئیرادەیی و یەک بڕیاری و یەکبینی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی حکوومەتێکی بەهێزەوە بتوانێت ژیانی خەڵک باش بکات.

مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی دەیەم
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ئەوەی ڕاگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە، واتە هەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و هەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر هاتەوە لایەنە بەشدار بووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
کوردستان پێویستی بە دەستوورە
هەر حزبێک کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست دەهێنێت، ئەوە حزبێک کە بەقەدەر ئەو کورسییانەی کە پێویستیەتی بەشداری پێدەکات بۆ دروستکردنی حکوومەتەکەی کە ئێستا پارتی ٣٩ کورسی پەرلەمانی بە دەست هێناوە و دەتوانێت لەگەڵ ١٢ کورسی دیکە حکوومەت پێک بهێنێت، هەروەها پێویستە خوولی شەشەمی پەرلەمان دەستوورێک بۆ کوردستان دابنێت، وەکو سەرۆک بارزانی، ڕاگەیاند یەکەم کاری پەرلەمان نووسینەوەی دەستوور دەبێت، چونکە کوردستان پێویستی بە دەستوورێکە بۆ ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی دیاری بکات. بەرپرسانی پارتی، دەڵێن، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بە زوویی حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دەبێت هەموو لایەنەکان بڕوایان بە پرۆسەی دیموکراتی هەبێت و بڕوایان بەوە هەبێت ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەسەر ئەساسی دەنگەکانیانە.