شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

ئامادەکارییەکانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە ستافێکی نوێی ڕاهێنەران بەشداری خولی نایابی کوردستان دەکات، یانەکە وەک یەکەم یانە و زیاتر لە دوو مانگە دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان و کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر لە تیپەکە ڕویانداوە.

پێشمەرگە بە ستافێکی نوێ بەشدارە
پێشمەرگەی هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراو بارەگای سەرەکی و یاریگەی یانەکە لە پیرمامە، یەکێکە لەو یانانەی بەردەوام ڕکەبەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان دەکات، تا ئێستا توانیویەتی ٣ جار ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و جامی کوردستان و سوپەری کوردستانیشی بەدەستهێناوە.
دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ سەمیر بابۆ ڕاهێنەرایەتی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ناکات و تەها قادر وەک بەڕێوەبەری هونەری یانەکە دەسبەکاربووە، هەریەک لە ئەبوبەکر ئەنوەر و سەرمەد عەزیز وەک یاریدەدەرانی ڕاهێنەری پێشمەرگەن، کاروان مەجیدیش ڕاهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکەیە.
ئەو یاریزانانەی کە لە یانەکە نەماون
بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی زۆری کردووە، زیاتر لە ١٠ یاریزانی وەرزی ڕابردوو لە یانەکە نەماون کە ئەمانەن: لە هێلی بەرگری هەریەک لە یاریزانان، سەلام ئەحمەد، نەزیر حەمید، خەسرۆ محمەد، هیدایەت لەتیف لە هێڵی ناوەڕاست، یاریزانان بارزان حەیدەر، ئەژی ئومێد، هەڵگورد قەیس، ئاکار عەبدولحەمید، لە هێڵی هێرشبەر، هەریەک لە دانا کامەران، گەیلان لوقمان، ئەحمەد لوقمان، جگە لە گۆڵپارێزی پیشەگەر سەیف جەمیل کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاریدەکرد، بەشێکی زۆر لەو یاریزانانە دوو وەرز پێشتر توانی بویان هەرسێ ناسناوی خول و جام و سوپەری کوردستان لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەسبهێنن.

گۆڕانکاری زۆر لە تیپەکە ڕویانداوە
بۆ وەرزی ئەمساڵیش یانەی پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی نوێ واژۆ کردووە، جگە لەوەی کە یانەکە گرێبەستی کۆمەڵێک یاریزانیشی نوێکردۆتەوە، ئەو یاریزانانەی گرێبەستیان لەگەڵ پێشمەرگە واژۆ کردووە ئەمانەن: گۆڵپارێزی ئێرانی ئارش قەدیری لە یانەی دەربەندیخانەوە پەیوەندی بە پێشمەرگە کردووە، لە هێڵی بەرگری هەریەک لە یاریزانان، محەمەد سەردار، نیاز مەغدید، سەگر ئەحمەد، عومەر ئیبراهیم پەیوەندیان بە یانەکەوە کردووە، لە هێڵی ناوەڕاست یاریزانان، چالاک سەرکەوت، موبین ئەنەس، هاتونەتە پێشمەرگە، لە هێڵی هێرشبەریش هەریەک لە یاریزانان، ئەحمەد وەهاب، دەشتی کازم، هەروەها پیشەگەری غانی فرانسیس دادزی گرێبەستیان لەگەڵ یانەی پێشمەرگە واژۆ کردووە.
هەروەها ئەو یاریزانانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر نوێکردۆتەوە بریتین لە: دڵدار خضر، نیاز سەباح، ڕێکار هاشم، گۆران عیماد، بژار مەهدی، ڕێمان عەبدوڵڵا، توانا ئەمیر، عەبدوڵڵا سەربەست، سەنگەر محەمەد، محەمەد جەوهەر و سەرتیپ حەبیبن.

ئامانجی یانەکە بۆ وەرزی ئەمساڵ
ماوەی زیاتر لە دوو مانگ و وەک یەکەم یانە پێشمەرگەی هەولێر دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە، جگە لە کردنەوەی کەمپی مەشق و ڕاهێنان یانەکە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ یاری دۆستانەی ئەنجامداوە.
بڕیار وایە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یەکەم گەڕی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بەبەشداری ١٦ یانە دەسپێبکات، یانەی پێشمەرگەی هەولێر، وەرزی ڕابردوو لە ٣٠ یاریدا خاوەنی ٤٩ خاڵ بوو بە جیاوازی تەنیا یەک خاڵ لەگەڵ یانەی ئاکرێ توانی پلەی دووەم بەدەسبهێنێت، لە یارییەکانی جامی کوردستانیش لە قۆناغی دووەمدا لەسەر دەستی یانەی هەندرێن ماڵئاوایی کرد، بەگوتەی بەرپرسانی یانەکەیش پێشمەرگەی هەولێر بۆ ئەم وەرزەیش چاوی لەوەیە ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکات.