وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە هەر كەس و فرۆشگا و بریكارێك سیمكارت بەبێ تۆماركردن بفرۆشێ، لەبەرامبەر هەر سیمكارتێك بە بڕی 3 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت ئەنجام دا بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن.
لە كۆبوونەوەكەدا لێژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش كرد کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕەكان بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە.
جەختیشی كردەوە کە رێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیارەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8)ی ساڵی (2021)ی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی 3 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.