ڕائیب جادر – هەولێر
بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکیی کە بریتییە لە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھاووڵاتییان، سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات، لە ھەمان کاتدا پڕۆژەکە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان.
بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەبێت پڕۆژەی ڕووناکی لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بە ھاوتەریبی جێبەجێ بکرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ببنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە لە ھەردوو پارێزگای سلێمانی و دھۆک جێبەجێ دەکرێت.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی کارەبا ١٣٤٠ مێگاوات زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٨١٧ مێگاوات، ھاوکات ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەباش گەیشتووەتە ٧٦٨٩ مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تیمێکی ھاوبەشی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی سەرۆکوەزیران کە تیمێکی پسپۆر و شارەزان پێکەوە بیرمان کردەوە و کارمان کرد کە دەست بکەین بە پڕۆژەیەک ھەنگاو بێت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ھەموو پڕۆژەیەکیش لە ھەنگاوی یەکەمەوە دەست پێ دەکات، لە گەڕەکی شادی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو وەکو پڕۆژەیەکی ئەزموونی دەستمان پێکرد لەو ماوەیەدا ئەو تیمە ھاوبەشە دەستیکرد بە کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ئەو فیدباکانەی کە لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی دەستمان کەوتووە و ھەڵسەنگاندنمان بۆ کرد، دوای ئەو ماوەیە دەستمان کرد بە فراوانکردنی پڕۆژەکە لە گەڕەکی نازناز و بەختیاری، جارێ ھەر لەژێر لێکۆلینەوە و دیراسە و کۆکردنەوەی داتا و زانیاریداین، بۆ ئەوەی پلانی ئایندە بەشێوەیەکی وا بێت بتوانین پڕۆژەکە فراوانتر بکەین و بە زووترین کات ھەموو لایەنە خزمەتگوزاری، تەکنیکی، ئابووری و ژینگەیی لە خۆ بگرێت.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگە و ھەموو لایەنەکانی دیراسە کراوە، بۆ ئەوەی بە باشی بگات بە ھاوبەشانی و بارگرانی نەبێت لەسەر ھاووڵاتییان، پڕۆژەکە ئێستا دەستی پێکردووە و ھەموو گەڕەکەکانی پایتەخت دەگرێتەوە، لە شار و پارێزگاکانی دیکەش ئامادەکاری کراوە و دەست بە پڕۆژەی ڕووناکی دەکرێت، مەبەست لەو پڕۆژەیە دوو شتە، یەکەم کارەبا دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، دووەم لایەنی ژینگەیی ساڵانە سەدان ملیۆن لیتر گازوایل دەسووتێنین و دەبێتە ھەوا و ژینگەی ھەرێمی کوردستان پیس دەبێت، بە نەمانی مووەلیدە ڕوون دەبێتەوە کە چەند کاریگەی نەرێنی لەسەر ژینگە ھەبووە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختیشی لەوە کردەوە: لەم دۆخەی ئێستادا نزیکەی ١٨ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەدرێت بە ھاووڵاتییان، بەڵام ڕەنگە بۆ زستان کە خواست بەرزدەبێتەوە کاتەکانی پێدانی کارەبا کەم ببنەوە، بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر پڕۆژەی ڕووناکیی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، چونکە پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگە ئەو گەڕەکانەی پڕۆژەی ڕووناکی لێ جێبەجێ کراوە ٢٤ کاتژمێر کارەبایان دەبێت.