ڕائیب جادر – هەولێر
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گشت ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران ڕاگرتووە ئەوەش وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان خراپتر بێت، بەگوتەی بەرپرسانی شنگال، بوونی گرووپە چەکدارە نافەرمییەکان و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال ھۆی سەرەکی ناسەقامگیری دۆخی شارەکەیە.
ئاوارەکانی شنگال گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن، بەغدا لەبەرامبەر ئاوارەکان و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگالدا ھاتووە کەمتەرخەم بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاوارەکانی شنگال ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە کەمپەکاندا دەژین و ئیدارەی قەزای شنگالیش حکوومەتی بەغدا بە کەمتەرخەم لە ئاست قەیرانی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارەکانی شنگال بەتایبەتی تۆمەتبار دەکات.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە کۆمەڵکوژی دانیشتووانی شارۆچکەکە شەش ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە شنگالی لە دەست داعش ڕزگار کرد.
پاش ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر شنگال کەوتە دەست حەشدی شەعبی، لەو کاتەوە، ڕۆژانە دانیشتووانی شنگال ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و حەشدی شەعبی بکەرانی کۆمەڵکوژی ئێزدییانی ھێناوەتە شارۆچکەکە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییان لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی شەڕی داعش، سەرەڕای شەھید بوون و ڕفاندنی شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە ھاووڵاتی، نزیکەی سەد و بیست ھەزار کەس خەڵکی شنگال بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت کە سەربەخۆ و پێشەیی بێت پاش دیاریکردنی قایمقام لە ڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە.
لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنج سەد کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال لەڕووی ئاوەدانکردنەوە لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک بھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
ژمارەی ئاوارەکانی شنگال لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی سێ سەد و سی ھەزار کەس دەبێت، لەو ژمارەیە نزیکەی چل ھەزاریان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
شنگال بە درێژایی سەد کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بەھۆی نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕۆژانە بە دەیان کەسی خراپەکار و گرووپی چەکدار بەو سنوورەدا ھاتووچۆ دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی ئەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر ببێت و ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە لە ترسان جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببنەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، دەڵێت: شنگال دەکەوێتە سنووری ماددەی ١٤٠ لەگەڵ ھاتنی داعش بارودۆخی شنگال بە تەواوەتی تێکچوو، دوای ڕزگارکردنی شارەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە، خەڵکێکی زۆر گەڕایەوە، بەڵام دوای ھاتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی، ئەو خەڵکەی گەڕابوویەوە ھەموو ئاوارە بوون و ئێستا ژمارەیەکی کەم خەڵک گەڕاوەتەوە و ئەوانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان دەژین، دام و دەزگا حکوومییەکان لە ناوچەکە نەماون، ئەگەر ھاتبایە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە شارەکە نەبان، خەڵک زیاتر دەگەڕانەوە، بەڵام تا ئەو گرووپە چەکدارانە لە شنگال بن، بارودۆخی ئەو ناوچانە ڕۆژ بە ڕۆژ تێک دەچێت، باشترین چارە بۆ ئەو خەڵکە و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکە، جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە، ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپتر دەبێت.
قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، ڕوونیشیکردەوە: ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا ھات، شتێکی بچووک نەبوو، شارەکە وێرانە، لە ڕووی ئەمنییەوە وێرانە، گرووپی چەکدار لە ناوچەکە ھەن، ھەموو ئەوانەش وای کردووە کە شار ئاوەدان نەکرێتەوە و خەڵک نەگەڕێتەوە، دەبوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار بایە بۆ ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە ھیچیان نەکرد و نەیان توانیوە شارەکە لە گرووپە چەکدارەکان خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.