دامەزراندنی کابینەی داهاتوو لەسەر بنەمای یەک هەرێم یەک حکوومەت یەک پەرلەمان و یەک پێشمەرگە کە لە لایەن سەرۆک بارزانی بەر لە هەڵبژاردن ڕاگەیەنرا و دوای هەڵبژاردن دووپات کرایەوە، دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی کوردستان و خاڵێک لە کۆتایی دێڕی ڕێکارەکانی پێشووی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دابنرێت.
هەفتەی ڕابردوو دەرەنجامی کۆتایی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنرا و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کاندیدە بەشداربووەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردن بۆیان دەرکەوت سەنگ و پێگە و دەنگیان لەنێو جەماوەر و خەڵکی کوردستان چەندە.
ناوی سەرجەم ئەو سەد کەسە ڕاگەیەنرا کە لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانی داهاتووی کوردستان دادەنیشن و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە ڕۆڵیان دەبێت لە نووسینەوەی یاساکانی پێوەست بە ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستانەوە، هەر ئەو سەد کورسییە ڕۆڵیان دەبێت لە دامەزراندنی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئەمە بنەمایەکی یاسایی و پێوەرێکی سەرەکییە بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵات لەو وڵات و شوێنانەی سیستمەکەیان پەرلەمانییە و پەرلەمان بە گرنگترین و سەرەکیترین دامەزراوەی سیاسی و یاسایی هەژمار دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی خولەکانی پێشتری پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مافەیاساییەکەی پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان شتی تریش ڕەچاو کراوە، حساب بۆ مێژوو و ئەزموونی لایەنە سیاسییەکان و پرسی دیفاکتۆ کراوە و بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن ڕەنگە لایەنێک ئەو مافەی هەبووبێت زۆربەی پۆست و دسەڵاتەکان کۆنترۆڵ بکات بەڵام ڕەچاوی سازانی نیشتمانی کردووە و هەوڵ دراوە ئەوانەش ڕازی بکرێن کە کورسی کەمیان هێناوە. ئەزموونێک کە لایەنی باشی و خراپیشی هەبووە.
یەکێک لەو خاڵە گرینگانەی ئەم هەڵبژاردنە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی دیکەی کوردستان جیا دەکاتەوە ئەوەیە لایەنی براوە دروشمێکی گرنگی سەردەمی بانگەشەی لە دوای بانگەشە و ڕاگەیاندنی دەرەنجامی کۆتاییش دووپات کردووەتەوە کە بریتییە لە دامەزراندنی حکوومەتێک کە لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک پێشمەرگە کار بکات.
ئەو دابەشبوونە سیاسی و جوگرافیییەی لەمێژساڵە باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە و لە دوای ئازادکردنی عێراقیش سەرەڕای پێکهێنانی چەندین حکوومەت و کابینەی هاوبەش نەتوانراوە کۆتایی بە شوێنەوارەکانی دوو ئیدارەیی بێنێت، هەرچەندە هەندێک هەنگاوی ئەرێنی نراون و ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ بەپەرۆش بووە. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستانیش لە دۆخی ڕابردوو بێزارە و پێی باشە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز هەبێت نەک هەرێمێک کە خاوەنی بانێک و دوو هەوا بێت.
ئەگەر نموونەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەیر بکرێت، ئەم دوو ئاوازە لە بەڕێوەبردنی حکوومەت بە ئاشکرا بینراوە و ئەو لایەنەی کە بەشداری سەرەکی بووە لە پێکهێنانی حکوومەت لە هەمان کاتدا وەک ئۆپۆزسیۆنێکی سەرەکیی دەرەوەی حکوومەتیش خۆی پێشان داوە کە لە هیچ وڵاتێکی تری جیهان نموونەی نییە.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆک بارزانی لە میانەی ڕێوڕەسمی کۆنگرەی پزیشکیی میزۆپۆتامیا لە هەولێر زۆر بە ڕاشکاوی باسی لەوە کرد کە هەڵبژاردن تەواو بووە و ئیتر کاتی گفتوگۆیە و پێداگری لەوەش کرد کە پێویستە حکوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن و دۆخی هەرێم بۆ داهاتوو لەسەر بنەمای یەک هەرێم یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە بێت.
ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی ئاماژەیەکی ئومێدبەخشە بۆ پەرەسەندنی بنەماکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و ئەو خوێندنەوەی لێ دەکرێت کە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو لەسەر بنەما یاساییەکان بتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، هەر خۆی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە ئەوانەی بردوویانەتەوە بتوانن بۆ خولێک بەرنامەی خۆیان بۆ کۆمەڵگە جێبەجێ بکەن و ئەگەر بەرنامەکەیان نەیتوانی متمانەی خەڵک بۆ خولێکی تر بەدەست بێنێتەوە ئەوا خەڵکی دیکە لەداهاتوودا حکوومەت پێکدەهێنن.
بەپێی دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن هیچ حزب و لایەنێکی کوردستان ناتوانێت بە تەنیایی حکوومەتی داهاتوو پێکبێنێت چونکە پەنجا و یەک کورسی بۆ ئەو مەبەست پێویستە و بۆیەش حکوومەتی داهاتوو حکوومەتی هاوپەیمانی لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت کە سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر.