یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

هەڵگرتنی پەنیری کوردی لە پێستەدا

 

 

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

سەرەڕای بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی هۆکار و شێوازە جیاوازەکانی هەڵگرتن و پاراستنی خواردن، کونە پێستەکانی کوردستان هەر ماون و تامی پەنیرە خۆشەکەشی ڕەسەنایاتی خۆی پاراستووە و وەک جۆرێکی تایبەتی پەنیر ماوەتەوە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە.

کونەپێستە، کونێک یان چاڵێکی گەورە یان ژوورێکە کە لە دێرزەمانەوە لە ناوچە کوێستانەکانی باشووری کوردستان بەکار هاتووە بۆ هەڵگرتن و پێگەیاندنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی گوندنشینان و بەتایبەتیش پەنیر کە پەنیرەکەی لە لای هەندێک کەس زۆر تایبەتە و بە پەنیری پێستە ناسراوە.
کونەپێستە دەبێت پلەی گەرمییەکەی زۆر نزم بێت و ئاو بە ژێریدا بڕوات بۆ ئەوەی پەنیرەکە خراپ نەبێت، چونکە بۆ ماوەی چوار بۆ پێنج مانگ پەنیرەکەی تێدا هەڵدەگیرێت.
ئەم شێوازی هەڵگرتنی پەنیرەش تا ئێستا بەردەوامە و ئاژەڵداران ساڵانە دەچنە کوێستانەکان، خاوەن کونەپێستەکانیش لە سەرەتای مانگی پێنجەوە دەرگای کونە پێستەکانیان دەکەنەوە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان وەردەگرن، لە مانگی ١١یش بەدواوە هێدی‌هێدی ئاژەڵدارەکان بەرهەمەکانیان دەبەنەوە و دەیخەنە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن.
حاجی ئیبراهیم یەکێکە لە خاوەن کونەپێستەکانی قەزای پشدەر وتی: “بەرهەمە شیرەمەنییەکان دوای ٤٥ رۆژ مانەوەیان لەنێو کونە پێستەکان بۆنێکی تایبەتیان بۆ دروست دەبێت و تامێکی خۆش دەدات بە پەنیر و ژاژی و بەرهەمەکانی دیکە، هەروەها جیاوازیی لەنێوان بەفرگرەکان و کونەپێستدا هەیە، بۆ نموونە لەنێو بەفرگردا پەنیرەکە دەیبەستێت و وشک نابێتەوە و هەر بە تەڕی دەمێنێتەوە بەڵام ئەم جۆرە لە پەنیری کوردی تابەتمەندییەکەی بە جۆرێکە پێویستە لە شوێنێکی فێنک هەڵبگیرێت تا وشک ببێتەوە و ئاوی پێوە نەمێنێت، لە کونەپێست نایبەستێ و هەواکەی سروشتییە و وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە ئێمە بەرهەمەکان لەسەر داری ئاژن دادەنێین و ئاویشی بە ژێردا دەڕوات، بەمەش هیچ کات هەواکە ناگۆڕێت”.
حاجی ئیبراهیم وتی ئێمە سەرەتا ئاژەڵدار بووین و نزیکەی چارەکە سەدەیەکە کونەپێستەمان دروست کردووە و سەرەتا تەنها بۆ هەڵگرتنی پەنیری خۆمان کونەپێستەکەمان دروست کرد، بەڵام ئێستا ساڵانە زیاتر لە هەزار دەبە و پێستە پەنیرمان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە بۆ دێت تا بۆیان هەڵبگرین.
هەروەها باسی لە شێوازی وەرگرتنی پەنیر کرد و وتی: ئێمە دەفتەرمان داناوە و ئەوانەی کە دێنە ئێرە ناویان دەنووسرێ و ژمارەیان بۆ دادەنرێت و لەسەر پەنیرەکەیان و لەسەر دەفتەرەکەش هەمان ژمارە دەنووسرێت لەگەڵ ناوی کەسەکە و ژمارە تەلەفۆنی لە دەفتەرەکەدا کاتی تەواو بونیش لەسەر هەمان ژمارە پەنیرەکانیان پێ دەدرێتەوە.
جگە لە ئاژەڵدارانی ناوچەی پشدەر لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تری هەرێمی کوردستانەوە، ئاژەڵداران بەرهەمی پەنیریان دەهێنن بۆ ئەم کونەپێستەیە بۆ ئەوەی تا کاتی خۆشبوونی پاێزراو بێت.
پێشتر ئاژەڵدارەکان بەرهەمیان لەنێو پێستی ئاژەڵدا کۆ دەکردەوە، پێستە پەنیریان دەبردە نێو ئەو کونانە، بۆیە ئەو شوێنە ناو نراون کونەپێست، بەڵام ئێستا زۆربەی ئاژەڵدارەکان پەنیرەکانیان دەخەنە نێو دەبەی نایلۆن و لەو کونانەی دادەنێن.