دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

گەشتوگوزار بۆتە یەكێك لە كەرتە گرنگەكانی بازرگانی نێودەوڵەتی

بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیا و جوانی سرووشتی هەرچوار پارچەی كوردستان و بوونی ژینگەیەكی خاوێن و تەندروست، كوردستان بە یەكێك لە ناوچە گەشتیاریەكان هەژمار دەكرێت.

سەرەڕای ئەو هەموو شوێنە تایبەتەی گەشتكردن و دیمەنی دڵرفێن، بەڵام وەكو پێویست نەتوانراوە سوود لەو سامانە نیشتمانییە وەربگیرێت كە ئەمەش چەندین هۆكاری هەبووە.
مەعرووف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە تازەترین توێژینەوەی خۆیدا كە بۆ (هەولێر)ی ناردووە كە تایبەتە بە پاراستنی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەكانی باشووری كوردستان، كە تێیدا هاتووە بە داخەوە زۆركات بۆ پەیداكردنی پارە و بەسەربردنی چەند ساتێكی كەم ژینگە كراوە بە قوربانی و وێران كراوە. دەبێت ئەوەش بزانین ئەگەر ژینگەیەكی جوان و خاوێن لەو ناوچانە فەراهەم نەهێنرێت، ئەوا هیچ گەشتیار و سەیرانكەرێک سەردانی ئەو شوێنانە ناكا، كەواتە ئەگەر بمانەوێ‌ رێژەی گەشتیار زیاد بكەین و بیر لە بەدەستهێنانی ئابووری بكەینەوە لەو كەرتەدا دەبێت پێش هەموو شتێك بیر لە پاراستنی ژینگە بكەینەوە.
لە توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دراوە لەبەر ئەوەی گەشتوگوزار جۆرێكی گرنگە لە چالاكییە بازرگانی و وەبەرهێنانە زۆر قازانجبەخشەكان، لەسەر ئاستی جیهان بۆتە پیشەسازییەكی سەرەكی، گەشتوگوزار یەكێكە لە پیشەسازییە هەرە پێشكەوتووەكانی جیهان، ئەمڕۆ بۆتە یەكێك لە كەرتە گرنگەكانی بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ڕوانگەیەكی ئابوورییەوە كەرتێكی بەرهەمهێنەر و ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە زیادكردنی داهاتی نیشتمانی و باشتركردنی هاوسەنگیی پارەدانەكاندا، سەرچاوەی هەلی كار و ئامانجێك بۆ بەرنامەكانی پەرەپێدان. لە ڕوانگەیەكی كۆمەڵایەتی و كولتوورییەوە، گومانی تێدا نییە ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە نەكەین لە كاتی سەیران و گەشتوگوزاردا، ئەوا چەندین زیان بە ژینگە دەگەیەنین، بۆ نموونە دروستكردنی خانوو و ڤێلای زۆر، دروستكردنی رێگای قیرتاو دروستكردنی كارگە و، كۆمپانیا لە شوێنە گەشتیارییەكان و تێكدانی سرووشتی جوانی ناوچەكان ئەمانە دەبنە شێواندنی ژینگە، زۆر جار ئەو كارانەی مرۆڤ ئەنجامی دەدات دەبنە هۆی راونانی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكانی ناوچەكان كە ئەمەش زیان بە ژینگەی گەشتیاری دەگەیەنێت.
هەر لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە گرفتێكی تر كە لە كاتی گەشتكردن و سەیراندا بەرامبەر ژینگە سەر هەڵدەدات، نەبوونی هۆشیاری تاكە بەرامبەر ژینگە، بۆ نموونە هەستنەكردن بەرامبەر بە جوانی سروشت و زیانگەیاندن بە دارودرەخت و جوانییە دەستكرد و سروشتییەكان، سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە چەند ئەركێكی دیاری كردووە كە دەكەوێتە سەر شانی مرۆڤەكان بۆ بۆ پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان.
یەكەم/ پێویستە لایەنی حكومەت چاودێری بەردەوامی هەبێ‌ لەسەر ناوچە گەشتیارییەكان و یاسا و رێسای تایبەت بە پاراستنی ژینگەی هەبێ‌ و تەنانەت ئەوانەی سەرپێچیكاری ژینگە دەكەن، سزا بدرێن.
دووەم/ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و پێدانی رێنمایی ژینگە لە كاتی هاتنی گەشتیار و سەیرانكاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، ئەویش دەكرێ‌ هەر لە سەرەتای هاتنە ناوەوەی گەشتیاران بە تایبەتی گەشتیارانی بیانی و شارەكانی تری عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، پێیان بدرێت و، سوود لە زمانەكانی تر وەربگیرێت بۆ ئەوەی پەیامەكەیان بە باشی پێ بگات، یاخود بۆ پاراستنی ژینگە و فڕێنەدانی رێنماییەكان دەكرێ‌ سوود لە ئەپلیكەیشنی تایبەت بە ژینگە ببینرێت یا لە ناوچە گەشتیارییەكان شاشەی ریكلام و هۆكاری تر دابنرێت بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی.
سێیەم/ رۆڵی رێكخراوەكانی تایبەت بە ژینگە لەم كاتەدا ئەركێكی قورس دەكەوێتە سەرشانیان ئەویش هەڵ و كۆششی زیاتر بدەن بۆ گەیاندنی پەیامی ژینگەیی و ئاشناكردنی گەشتیاران و سەیرانكاران بە بنەما ژینگەییەكان و بابەتە هۆشیارییەكان.
ئەبێ‌ هەموو لایەك ئەو راستییە بزانین، پاراستن و خزمەتكردنی ژینگە تەنها تایبەت نییە بە چەند لایەنێكی حكومی و رێكخراوە ژینگەییەكانەوە، بگرە پاراستن و خزمەتكردنی ئەرگی سەرشانی هەموو تاكێكی كۆمەڵگایە.
ئەوەشمان بیر نەچێ‌ لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرترین پێشێلكاری و خراپەكاری بەرامبەر ژینگە هۆكارەكەی گەراوەتەوە بۆ بەشێك لەو گەشتیارە بەڕێزانەی كە سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە، بە تایبەتی فڕێدانی پاشماوەكان و كردنەوەی ئاگر دواتر بۆتە هۆكاری سووتان و، فەوتانی سەدان دۆنم پاوان و دارستان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستاندا.
كەواتە پێش ئەوەی هەر كارەساتێكی ژینگەیی روو بدات با خۆمان بە خەمخۆری ژینگە بزانین و بیپارێزین.