هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

بەبێ یەكسانیی تورك و كورد پرسی كورد ناچێتە پێشەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

هەموو هەوڵێكی هاوپەیمانیی (كۆماری)، لە نێوان مەهەپە و ئاكەپە، نووسینەوەی دەستورێكی تازەیە، بۆ ئەو دەستوورەش پێوێستیان بە دەنگی كورد هەیە، بەڵام روون نییە داواكاریی كورد لە دەستووری تازەدا جێگیر دەبێت یان نا؟ ئەوەی گرنگە و بەشێكی زۆری نووسەرانی توركیا باسی دەكەن، بەبێ یەكسانیی تورك و كورد، پرسی چارەسەریی كورد ناچێتە پێشەوە.

ئیبراهیم كیراز، نووسەری دیاری توركیا، لە نووسینێكدا كە لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت ئەگەر پێتانوایە كورد نەتەوەیەكە و توركیش نەتەوەیەكە، دەبێت لە دەستووردا جێگەی بۆ بكرێتەوە، یەكسانی لێرەدا دێتە ئاراوە.
كیراز، لە نووسینەكەیدا، دەڵێن كورد خاوەن ناسنامەیەكی تایبەت بە خۆیەتی، وەكوو چۆن توركیش هەیەتی، بۆیە چۆن تورك جەژنی سەربەخۆیی هەیە، ئاساییە ئەو مافە بە كوردیش بدرێت.
لەوەتەی باس لە هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری دەكرێت لە توركیا، شرۆڤەكارانی سیاسی توركیا قسەی زۆر جیدی لەبارەوە دەكەن.
بەگوێرەی گوتەی بەشێكیان، حكوومەتی توركیا دەیەوێت دیسان كورد هەڵبخەڵەتێنێت، چونكە بۆ نووسینەوەی دەستووری تازە، تا رێگە بدەن ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا، پێویستیان بەدەنگی كورد هەیە، بەڵام بەشێكی تر لە شرۆڤەكاران پێیان وایە، ئەنجامی ئەو پرسە گرنگە، نەك قسەكردن لەسەر ئەوەی كێ هەڵدەخەڵەتێنرێت؟
دەم پارتی، كە خاوەنی ٦١ كورسیە لە پەرلەمانە، دەڵێت بەرچاومان روون نییە، كە نووسینەوەی دەستووری توركیا چۆن دەبێت، هەركاتێك قسەمان لەگەڵ كرا، ئێمە بۆچوونی خۆمانمان دەبێت. نووسەرانی توركیا و باكووری كوردستان، جەخت دەكەنەوە، كە دەبێت لە دەستووری تازەدا یەكسانیی تورك و كورد ببێتە پێوەر، واتە چۆن تورك وەكوو نەتەوە ناسێنراوە، كوردیش بناسرێت و بڵێن نەتەوەی كورد، خاوەن زمان و شوناسی تایبەت بەخۆیەتی.
جەلال شانگۆر، نووسەر و لێكۆڵەر و مێژوونووسی توركیا، دەڵێت توركیا دەبێت شانازی بەوەوە بكات، كە نەتەوەی كورد لە توركیادا بوونی هەیە، چونكە كورد خاوەن كلتوورێكی دەوڵەمەندە و هەروەها زمانەكەشی كۆنترین زمانە. شانگۆر، پێیوایە، زمانی كوردی كۆنترین زمانی جیهانە، داوا دەكات توركیا دەست بەو زمانەوە بگرێت، نەك هەوڵی لەناوبردنی بدات.
دەستگرتن بە زمانی كوردی، بەوە دەكرێت كە لە دەستووردا بەفەرمی بناسرێت، هەروەها رێگە بدرێت لە باكووری كوردستان، كورد بەزمانی دایك بخوێنێت.
ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا، دەڵێت بۆچی كورد و تورك لە بابەتی باجداندا یەكسانن، لەبابەتی سەربازیدا یەكسانن، بەڵام كە دێتە سەر نەتەوە و زمان، زمان و نەتەوەی كوردی ئینكاری لێ دەكرێت.
ئەو نووسەرە پێیوایە، تا یەكسانی لە نێوان تورك و كورد دروست نەبێت، پرسی كورد چارەسەر نابێت.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەتایبەت جەهەپە، زۆر نەرم بووە بەرامبەر بەوەی زمانی كوردی بەفەرمی بناسرێت، هەروەها چەندین جار گوتوویانە، زمانی كورد دەبێت گرنگی پێبدرێت و ئەگەر لەناو پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەوە بدرێت كە ببێتە زمانی فەرمی دەوڵەت، ئەوان دژی ناوەستنەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گەورەیە.
بەڵام ئەوەی گرنگە، دەم پارتییە، چونكە ئەو پارتە نوێنەری كوردانی باكوورە لەناو پەرلەمانی توركیا، بۆیە دەبێت پشتگیریكردنی ئەوان بۆ دەستووری تازە، داننان بێت بە مافی كورد، وەكوو ناساندنی نەتەوەی كورد و زمانەكەی، جیا لەوە هەر شتێكی تر بۆ كورد بكرێت سوودی نییە و یەكسانی دروست نابێت.