شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

لەبارەی پشووی سبەی، پارێزگای هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە

لەبارەی پشووی سبەی یەكشەممە 3ی 11ی 2024، پارێزگای هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، “تیمەکانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو جۆرە ئامادەکارییەک و ڕێوشوێنێکی پێویستیان بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ گرتووەتەبەر و تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و ئاوەڕۆكانی شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکەکانى سەنتەرى شار و دەرەوەى شار و کەند و ڕێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران پاککراوەتەوە” لەسەر ئەو بنەمایە بەپێویستی نازانن، كە بكرێتە پشوو.

ئەمشەو 2ی 11ی 2024، پارێزگای هەولێر لەسەر پشووی سبەی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى پارێزگارى هەولێر، تیمەکانی سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو جۆرە ئامادەکارییەک و ڕێوشوێنێکی پێویستیان بۆ وەرزى بارانبارین و زستانى ئەمساڵ گرتووەتەبەر و تەواوی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و ئاوەڕۆكانی شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی گەڕەکەکانى سەنتەرى شار و دەرەوەى شار و کەند و ڕێڕەوەکانى ئاوى سروشتى باران پاککراوەتەوە.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “ئەوە جگە لەوەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگه‌ چارەسەرییانەی لە سنووری پارێزگاکەمان بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕوودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروستبوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراو چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگی جیاجیا ئەنجامدراون لە دروستکردنی ئاوەڕۆیی لوولەیی و فراوانکردن و پاککردنەوەی ڕێرەوى ئاوى سروشتىی باران و ئاوى قورس و کەندەکان و دروستکردنی چەندین بەنداو، کە لە ئێستادا بەشێکیان تەوابوونە و بەشێکی تریشیان بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندان، توانراوە ئیدارەی حاڵەتەکانی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارینانە بدرێت و کۆنتڕۆڵی بکرێت کە لە شارەکەمان داباریوە.”

پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاندووە: “هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنییا دەکەینەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ ڕێگریكردن لە ڕوودانی هەر حاڵەتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی، پشتیوان بە خودای گەورە هەموو لایەک سەلامەت دەبن، سەبارەت بە پشووی سبەیش، وەک پارێزگای هەولێر، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاوەکوو بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 3ی 11ی 2024، بکرێت بە پشوو، هەموولایەک ئاگادار دەکەینەوە بەیانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەوام ئاساییە و پشوو نییە.”