هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

سەرۆک بارزانی: پێویستە متمانە بە خۆمان بکەین و بایەخ بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین

پێنجشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2024، لە 10یەمین کۆنگرەی میزۆپۆتامیا لە هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی ڕایگەیاند “گرنگی ئەم کۆنگرەیە یەکجار زۆرە. دەرخەری ئەوەیە  تاکی کورد ئەگەر دەرفەتی هەبێت هیچی کەمتر نییە لە تاکی خەڵکانی دیکە.”

سەرۆک گوتی: “پێویستە هەموو پێویستییەک لێرە فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێرە تووشی هیچ گرفتێک و تێچوویەک نەبێت.”

سەرۆک بارزانی گوتیشی: “ئێستە کاتی ئەوە هاتوو ئیتر پلانێکی ستراتیجی هەبێت، لەسەرووی هەمووشی کەرتی تەندروستی دەبێت بگاتە ئاستێکی بەرز، کەرتی پەروەردە و کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پێویستە ئێمە بەرەو ئەوە بچین متمانە بە خۆمان بکەین، ڕاستە نەوت گرنگە بەڵام نەوت ئەمڕۆ یان سبەی تەواو دەبێت، بەڵام کشتوکاڵ و گەشتوگوازار تەواو نابن.”

ئاماژەی بەوەش دا “من وای دەبینم لە ئایندەیەکی نزیکدا کێشەی ئاو دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی، لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە “وجعلنا من الماء كل شيء حي.” ژیان سەخت دەبێت، بەڵام دەتوانی بەبێ کارەبا بژیت، دەتوانی بەبێ ئۆتۆمبیل بژیت، بەڵام بێ ئاو ناتوانی بژیت.”

سەرۆک مەسعوود بارزانی گوتیشی: “دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ماوەدا بایەخێکی زۆری بە بەنداو داوە، بەڵام دەبێت لەمەودوا ئەوە ببێتە ئەولەویاتی حکوومەتی هەرێم، چونکە بابەتی ئاو، بابەتێکە کەمتەرخەمی تێدا نابێت بکرێت، ئینشاڵلا تووشی ئەو گرفتە نابین، بەڵام هەموو پێشبینییەک هەیە کە لە ئایندەدا قەیرانی ئاو دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە.”