هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

مەزڵوم عەبدی: نێوەنگیری لە نێوان ئێمە و توركیادا دەكرێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی سوپای سووریای دیموكرات، باس لەوە دەكات نێوەنگیری لە نێوان ئەوان و توركیادا دەكرێت، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەو داوایەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە دەكەن، كە باسی پرسی چارەسەری كوردی كردووە.

عەبدی لە دیمانەیەكیدا بۆ ئاژانسی (AFP)ی فەڕەنسی، دەڵێت بۆ ئەوەی گرژییەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كەم ببێتەوە، دەست بە نێوەنگیری كراوە.
لەو دیمانەیەدا، عەبدی ئاشكرای دەكات، لەنێوان ئەوان و توركیادا، دەست کراوە بە دیالۆگی سیاسی و سەربازی.
سوپای سووریای دیموكرات، بەشێكی زۆری لە یەپەگە پێك هاتووە، كە ئەو رێكخراوەش لەلای توركیا تیرۆریستە و بە ئاشكرا بە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی توركیا ناوی دەبەن.
لە تەقینەوەكەی ٢٣ی ئەم مانگە، كە پەكەكە كۆمپانیای پیشەسازیی سەربازی توركیای كردە ئامانج، باس لەوە كراوە كە ئەو چەكدارانە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتوونەتە توركیا، بەڵام عەبدی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت هیچ پەیوەندییەكمان بەو كردەوەیە نییە.
دوای ئەو كردەوەیەی پەكەكە، توركیا بنكە سەربازییەكانی پەكەكە و یەپەگەی لە عێڕاق و سووریا و توركیا كردە ئامانج، عەبدی ئیدانەی ئەو پەلامارەی توركیا دەكات و دەڵێت: ”١٥ هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی و هەروەها دوو چەكداریشمان گیانیان لەدەستداوە. ئێمە شەڕ لەگەڵ توركیا ناكەین، ئەو شوێنەی ئێمە شەڕی لێدەكەین، ئەو خاكەیە لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدایە. ئەو پەلامارەی توركیاش دژی مافی مرۆڤە و پێویستە رێگەی لێ بگیرێت.“
هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری، رۆژئاوای كوردستانیش دەگرێتەوە، كە توركیا پێشنیاری كردووە، یەپەگە بخرێتە ژێر چاودێری سوپای توركیا، بەو مەرجەی توركیاش بەفەرمی ئەو هێزە و رۆژئاوای كوردستان بناسێنێت.
بوونی دیالۆگ لە نێوان یەپەگە و توركیادا، پەیوەندی بەو كرانەوەیەی توركیا هەیە بەرامبەر بە كورد، كە هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەرییە و رۆژئاواش بەشێك دەبێت لەو پرسە، چونكە توركیا داكۆكی دەكات، كە یەپەگە باڵێكی سەربازی پەكەكەیە لە سووریا.
عەبدی لەو دیمانەیەدا، داوا دەكات ئەگەر بڕیار بێت لەگەڵ توركیا كێشەكانیان چارەسەر بكەن، پێویستە توركیا دەمودەست ئەو پەلامارانە رابگرێت بۆ سەر رۆژئاوا، چونكە ناكرێت لەلایەك گفتوگۆی ئاشتی هەبێت و لەلایەكی تریش بۆردومان.
لەبارەی ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، ئەگەر دۆناڵد تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، كاریگەریی لەسەر یەپەگە دەبێت؟ عەبدی پێیوایە، بەڵێ كاریگەریی دەبێت و پێشبینی دەكات هاوكاریی و پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ یەپەگە لەكاتی بوونەوەی تڕامپ بە سەرۆكی ئەمریكا كەم ببێتەوە.
ئەمریكا ٩٠٠ سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، ئەو سەبازانە ئەركیان راهێنان و مەشقپێكردنی چەكدارانی یەپەگەیە و بەردەوام ئەمریكا گوتویەتی، یەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە نییە و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی بۆ لێدان لە گروپی تیرۆرستی داعش.