ڕائیب جادر – هەولێر
بە دەیان پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست کراون، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاپۆکردنی ئەو یەکانە دەستی پێکردووە و تا ئێستا لەو سنوورە بە ھەزاران یەکە تاپۆ کراون. بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، دەڵێت: پاش ئەو بڕیارە زۆر لەو کێشانەی کە ھەبوون چارە کراون.
دوای بڕیارەکە ڕێکخستن بۆ کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کراوە و ئێستا بەپێی یاسا کڕین و فرۆشتن بەو یەکانەوە دەکرێت. خاوەنی نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، دەڵێن، دوای ئەو بڕیارە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون زیاتر بووە و ڕۆژانە ھاووڵاتییان سەردانی ئێمە دەکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن یەکەیەکی نیشتەجێبوون، چونکە ھەر ھاووڵاتییەک دوای کڕینی ئەو یەکانە لەسەر ناوی تاپۆ دەکرێت.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێشتر ٣% ڕسوومان وەردەگیرا بۆ تاپۆکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، خۆشبەخاتە ئێستا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ١% وەردەگیرێت، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین پڕۆژە کۆتایان پێ ھاتووە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو یەکانە تاپۆکردنیان تەواو دەبێت.