هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ئەسپەكەت فێری فڕین دەكەم

بەكر كەریم حەسەن
(تۆماس ئەدیسۆن) داهێنەری ئەمریكی دەڵێ “من نەدۆڕاوم بەڵكو دەهەزار ڕێگای بنبەستم دۆزییەوە”.
سەركەوتن و سەرنەكەوتن یان بازدان و چەقین و چەندەها دستەواژەی تری دژ بە یەك لە فەرهەنگی ژیانی هەمووماندا هەیە، چەند سەركەوتن و بەدەستهێنان بەختەوەر و دڵخۆشمان دەكات، هێندەش بەڵكو زیاتریش سەرنەكەوتن و بەدەست نەهێنان ئەزموون و شارەزایی و چاوكراوەیی و ناسینی دەوروبەر و ژینگەمان زیاتر پێ ئاشنا دەكات. ئەوەی گرنگە پێویستە لە قوتابخانەدا لە پرۆگرام و كتێب یانیش لە ئامۆژگاری بەڕێوەبەر و مامۆستایان، گرنگە قوتابی هان بدرێت كەوا فێریان بكەین بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن، پێویستە بڕوا و نیەت و نیاز و بڕیاردانیان هەبێت؛ ورەبەرز و سوور و بەردەوام بن و پێداگیری بكەن لەسەر خوێندن و پابەندی و گوێڕایەڵی و دەرچوون. گرنگە هەموو قوتابییەك بڕیاری ئازایانەی هەبێت بۆ دەرچوون؛ هەرگیز دەستەوەستان و بێهێز نەبێت، بەڵكو خۆڕاگر و پێشەنگ بێت و ئیرادەی بەهێزی هەبێت و بەردەوامیش هەوڵ بدات و بڕیاری دەرچوون لە لای خۆیەوە بدات؛ ئاستەنگ و كۆسپ و گرفت پێشبینی بكات، بەڵام بێهێز نەبێت و ڕێگا نەدات ئەو ئاستەنگ و كۆسپانە ڕێگر و بەربەست بن لە بەردەم دەرچوون و پێشكەوتن و بەرەوپێشچوون.
بۆ پاڵپشتیكردنی ئەو وتارە ئاماژە بە چیرۆكێک دەکەم؛ دەگێڕنەوە كەوا “پادشایەك بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بە سەر دوو كەسی تاوانباردا سەپاند؛ كاتی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەش یەك مانگی مابوو، تاوانبارێكیان ملكەچ و بێهیوا، لە گۆشەی زیندانەكەدا دانیشتبوو، دەگریا و چاوەڕێ مەرگی دەكرد، بەڵام تاوانبارەكەی تریان زیرەك و چاونەترس و ژیر بوو، دانیشت بیری لە ڕێگەیەك دەکردەوە بۆ ڕزگاری، یاخود ڕێگەیەك وا بكات بۆ كاتێكی زیاتر لە ژیاندا بمێنێتەوە و نەمرێت، شەوێكیان دانیشتبوو بیری لە پادشا دەكردەوە باری دەروونی پادشا چۆنە و حەزی لە چییە و ڕقی لە چییە، دواتر بە مێشكیدا هات كە پادشا زۆر ئەسپی خۆش دەوێت چونكە كاتەكانی بەردەوام لەگەڵ ئەسپەكەیدا بە سەر دەبات، تاوانبارەكەش بەم جۆرە بیرۆكەیەكی ژیرانەی هات بە مێشكیدا؛ دەستی كرد بە هاواركردن كرد و بانگی پاسەوانەكانی كرد داوای بینینی پادشای دەكرد سەبارەت بە بابەتێكی گرنگ، پادشا ڕازی بوو چاوی پێ بكەوێت و پرسیاری ئەم بابەتە گرنگەی لێ بكات، تاوانبارەكە پێی وت دەتوانێت لە ماوەی یەك ساڵدا ئەسپەكەی فێری فڕین بكات بەو مەرجەی بڕیاری لەسێدارەدانەكەی بۆ ساڵێك دوا بخات و، ئەگەر ئەسپەكە فڕی، ئەو كات ئەم ئازاد بكرێت لە بەرامبەر فێركردنی ئەسپەكەدا، پادشا كەمێك بیری كردەوە چەند خۆش دەبێت سواری ئەسپێكی فڕۆک ببێت و بەجیهاندا بفڕێت، هەربۆیە پادشا بە داواكەی ڕازی بوو، كاتێك تاوانبارەكەی تر هەواڵەكەی بیست، تووشی سەری سڕما! بەوەی تریانی گوت پێم بڵێ هەر بە ڕاستی تۆ دەتوانی ئەسپ فێری فڕین بكەیت؟ ئاخر ئەسپ هەرگیز نافڕێت چۆن بوێری ئەوەت هەبوو ئەم داوایە لە پادشا بكەیت و پێشنیاری شتێكی ئاوای بۆ بكەیت؟ تاوانبارە زیرەكە كە پێی دەڵێت منیش دەزانم ئەسپ نافڕێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی ئازادیم چوار دەرفەتم بە خۆم داوە یەكەمیان ئەوەی كە پادشا لە ماوەی ئەم ساڵەدا بمرێت، دووەمیان ئەوەی ڕەنگە من خۆم بمرم كە ئەوەش لە سێدارە باشترە، سێیەمیان ئەوەی كە ڕەنگە تاكو ساڵێكی تر ئەسپەكە مردار ببێتەوە، ئەگەری چوارەم و كۆتاییش ڕەنگە بەڕاستی بتوانم ئەسپەكە فێری فڕین بكەم.”
ئەم چیرۆكە فێرمان دەكات كاتێ كێشەك رووبەڕوومان دەبێتەوە نابێت بێئومێد ببین و ئەم چیرۆكە پێمان دەڵێت بێهیوا مەبە و ملكەچی یەك چارەسەر مەبە؛ لە هەموو كێشەیەكدا مێشكت بخەرە كار بە دوای دەیان چارەسەردا بگەڕێ، ڕەنگە یەكێك لە چارەسەرەكان سەر بگرێت و، خۆت و بەختت، لەو كێشەیە ڕزگارت بكات؛ تۆ تەنیا هەوڵ بدە هیچت لەدەست ناچێت، بەڵام هەرگیز نائومێد مەبە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە