وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە بریارەکەی پەرلەمان و حکوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ دڕێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها هەوڵە بەردەوامەكانیان بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە سیمتیێ مویلەر پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا کە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی ئامادەیبوون، تیشکخرایە سەر ڕۆڵ و کاریگەری ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا لە پێشخستن و سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازی و هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە.
سیمتیێ مویلەر پەرلەمانتار و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا راگەیاند: لە هاوکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین دوای ئەوەی حکوومەتی ئەڵمانیا لە ڕۆژی 18ی ئەیلوول بریاری دا ئەرکی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاکو کۆتایی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام بێت.
ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەگە دووپاتیان کردەوە كە ئەوەی ئێستا لە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرهەم هاتووە، بە هاوئاهەنگی و پاڵپشتی و هەوڵەکانی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەنێویاندا ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا هاتۆتەدی.
جەختیشیان كردەوە كە وڵاتی ئەڵمانیا لە رێگەی ڕاوێژکارەکانییەوە لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕۆلێکی کارای هەبووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا.